سەركردەیەكی گۆڕان هەڵوێستی نەوشیروان مستەفای لەبارەی پەیامەكەی بارزانی ئاشکرا کرد
ڕەوف عوسمان، سەرۆكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند: " كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان كارێكی باشە و گۆڕان بەشداریی كۆبوونەوەكان دەكات و لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ دەبێتەوە."
گوتیشی:" ئەگەر لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا ئیرادەیەكی چاكسازیی بەهێز هەبێت، بێگومان هەموو كێشەكان چارەسەر دەكرێن، ئەوكاتەش میللەت بەوە دڵخۆش دەبێت."
دەربارەی هەڵوێستی نەوشیروان مستەفا، لەسەر پەیامەكەی بارزانی، سەرۆكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: "نەوشیروان مستەفا بژاردەی داوەتە دەستی هەڵسوڕاوانی گۆڕان كە چۆن دانوستان و هەڵسوكەت لەسەر كۆبوونەوەكە بكەن."
ڕوونیشی كردەوە: "ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان وەكوو تاكێكی ئەم كۆمەڵگە پێی خۆشە هەموو لایەنە سیاسییەكان بگەن بە ئەنجامێكی دڵخۆشكەر بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكرێت."
ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە 20ـی تشرینی دووەم، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا داوای كۆبوونەوەی لە حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێ و سەرۆكایەتییەكی نوێ بۆ پەرلەمانی كوردستان کرد.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەروەها داوای لە حزبە سیاسییەكان كرد، كەسێك دەستنیشان بكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تاوەكو هەڵبژاردنی ئایندە، ”منیش بە هەموو توانایەك یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدەم.
باسنیوز
