سوننەکان داوای ”جەژنێکی مەعنەوی“ بۆ ژنانی کوردی ئێزدی دەکەن
رۆژی سیشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2016، حەیدەر موللا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی هێزە عێراقییەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە قۆناغی دوای رێکخراوی توندڕەوی داعش، ”پێویستیی بە چارەسەرییەکی راستیی بۆ تاوانەکانی داعش هەیە“.
حەیدەر موللا پێیوایە یەکێک قێزەوەنترین تاوانەکانی داعش، رفاندن و بە سەبایاکردنی ژن و کچانی کوردی ئێزدییە، کە ”پەڵەیەکی رەشە بە ناوچەوانی مرۆڤایەتییەوەیە“.
ئەو سەرکردە سوننەمەزهەبە عێراقییە هەروەها رایگەیاندووە، کە پێویستە پەرلەمانی عێراق رۆژێک وەک ”جەژنێکی مەعنەوی“ بۆ ژنانی کوردی ئێزدی دیاری بکات، لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی بەرامبەریان ئەنجام دراوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
