محەممەد حاجی مەحموود: بارزانی بیانووی بۆ حیزبەكان نەهێشتووەتەوە

محەممەد حاجی مەحموود: بارزانی بیانووی بۆ حیزبەكان نەهێشتووەتەوە
لە شاری هەولێر شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان كۆبوونەوە. محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند "ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان تەئیدی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەكەن و، هەمووان پشتیوانی لێدەکەن".

لەبارەی هەوڵەكانی پارتی و سەردانكردنی لایەنەكان، محەممەد حاجی مەحموود گوتی "پارتی دیموکراتی کوردستان بەو حکومەی نزیکترە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەستی بە سەردانکرنی لایەنە سیاسییەکان کردووە، بۆ وەرگرتنی راوبۆچوونی لایەنەکان، بۆ ئەوەی بتوانرێت کۆبوونەوەیەک لەنێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بکرێت، بەمەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".

سکرتێری حیزبی سۆسیالیست باسی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی كرد و گوتی "باس لەوە کرا چۆن میکانیزمێک بدۆزرێتەوە و چۆن كێشەكان چارەسەر بکەین، ئێمەش بۆچوونی خۆمان پێدان، بەدڵنیاییەوە هەموو حیزبەکانیش بۆچوونی خۆیان دەبێت".

محەممەدی حاجی مەحموود، کۆبوونەوەی هەموو لایەنەکانی لە دەوری مێزێک بەپێویست زانی و گوتی "بۆ ئەوەی میکانیزمێکی هاوبەش پێکەوە دابنێین بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، ئیرادەیەکیش بۆ چارەسەری هەیە و، هەموو لایەک گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی ئەمە هەنگاوێکی باشە، هیچ موبەریرێکیش لە قسەکانی کاک مەسعود بۆ لایەنە سیاسییەکان نەماوەتەوە بۆ ئەوەی رێگری لێبکەن".

حیزبی سۆسیالیست هەم وەکو حیزب و هەم محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبەکە بە دۆست و نزیکی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان دادەنرێت. حیزبی سۆسیالیست، پشتگیری خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکەی بارزانی و نزیکبوونەوەی لایەنەکان و گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیەکی هاوبەش راگەیاندووە









روداو
Top