ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی گونده‌كانی شه‌رگات ده‌ستیپێكرد
ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی هێزه عیراقییه‌كان، حه‌شدی شه‌عبی‌و سوپای عیراقی تێیدا به‌شداربوون‌و له‌دوو میحوه‌ره‌وه هه‌وڵی ئه‌وه‌ده‌درێت، ناوچه‌كانی به‌ره‌ی چه‌پی قه‌زای شه‌رگات ئازادبكرێن.
ره‌زوان ساهیر، به‌رپرسی راگه‌یاندنی لیوای 51ی حه‌شدی شه‌عبی به‌خه‌ندان-ی وت "له‌كاتژمێر 6ی به‌یانی ئه‌مڕۆوه له‌میحوه‌ره‌كانی شه‌یاله‌و حاجی عه‌لی‌و میحوه‌ری گه‌لعود، ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی گونده‌كانی به‌شی چه‌پی له‌شه‌رگات به‌سه‌رپه‌رشتی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ڵاحه‌دین ده‌ستپێكردووه".
ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ڵاحه‌دین پێكهاتووه له‌حه‌شدی مه‌خمورو لیوا 51 و هێزه‌كانی سوات هه‌روه‌ها پۆلیسی شرگات و دوو فه‌وج له‌پۆلیسی ئیتیحادی.
"تاوه‌كو ئێستا پێشڕه‌وی باشكراوه‌و توانراوه میحوه‌ری گه‌لعود كۆنتڕۆڵ بكه‌ن، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه به‌رده‌وامه‌و فڕۆكه‌كانی عیراق به‌شدارن تێیدا"
ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه دوای ئه‌وه‌دێت، هێزه عیراقیه‌كان زیاتر له‌دوو مانگ له مه‌وبه‌ر توانییان قه‌زای شه‌رگات‌و چه‌ندین ناوچه‌ی تری له‌باكوری پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین ئازادبكه‌ن‌و به‌ره‌و ناوچه‌كانی باشوری موسڵ، پێشڕه‌وی بكه‌ن.
عه‌لی جه‌دح، قایمقامی شه‌رگات به‌خه‌ندان-ی وت "ئۆپه‌راسیۆنه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌ڕێوه‌ده‌چێت و به‌زوترین كات پڕۆسه‌كه كۆتایی پێدێت".
هه‌ر ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی بڵاویكرده‌وه، له‌چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی ناوچه‌كانی به‌ره‌ی چه‌پی شه‌رگات، گوندێك له‌ژێر ده‌ستی داعش ده‌رهێنراوه‌و هێزه عیراقیه‌كان له‌پێشڕه‌ویدان.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا، شه‌ڕی موسڵ له‌گه‌ڕه‌كانی ئه‌و شاره به‌رده‌وامی هه‌یه، دوای ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی یه‌ك مانگی رابردوو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و سوپا توانییان زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری پارێزگای نه‌ینه‌وا كۆنترۆڵبكه‌نه‌وه.
خه‌ندان
