دوای کۆنتۆڵکردنەوەی مووسڵ دانوستان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەست پێ دەکات
بەپێی زانیارییەکان، لە دوا سەردانی شاندی کوردستان بۆ بەغدا، بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە دانیشتنێکدا بارزانی و عەبادی لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە عێراق و کوردستان دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ دەست بە دانوستان بکەن بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان و سیستەمی کۆنفیدڕاڵی، ھاوکات بەھۆی ئەو ھاتنەپێشەوەی عێراق بۆ دانیشتن و رێککەوتن لەسەر ئەو پرسە، کە پێشتر حکوومەتی عێراق بە ھەموو شێوەیەک رەتی دەکردەوە، سەرکردایەتیی کوردستان ئەوەی بە باش زانیوە مادام عێراق ئامادەی ئەو گفتوگۆ و دانوستانەیە، ئەو پرسە بۆ دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ بێت لە چەکدارانی داعش، ھەردوولاش لەسەر ئەوە رێککەوتوون.
عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان رای گەیاند، لە دوا سەرداندا شاندی کوردستان و بارزانی، لەگەڵ حکوومەتی عێراق بابەتی سەربەخۆیی کوردستان وەکو رێگاچارەیەک بۆ کۆتایی ھێنان بە شەڕ و ماڵوێرانی باس کراوە، ئەوانیش گوتوویانە ئەمە مافی خۆتانە و لێتان تێ دەگەین و ئامادەین ئەم بابەتە بە ئاشتییانە گفتوگۆ بکەین، گوتی: "ئەمە شکاندنی بەربەستێکی گەورەیە، چونکە جاران دەسەڵاتدارانی عێراق بە بیستنی ئەم قسانە شێت دەبوون، بەڵام ئێستا دەرگا و قۆناغێکی نوێ و گەورە لەبەردەم کێشەی کوردستان کراوەتەوە، ئەگەر بتوانین وەکو دوو نەتەوەی شارستانی و وەک چیک و سلۆڤاکی، بە بێ شەڕ لێک جیا ببینەوە، ئەوکات ھیچ وڵاتێک ناتوانێت موداخەلەی نەرێنی بکات، لەلایەکی دیکەشەوە دۆستانمان دەستکراوەتر دەبن لە پشتگیری و یارمەتی دانمان، بەڵام ئەگەر نەمانتوانی بگەینە ئەنجام و مەبەستی حکوومەتی عێراق کات کوشتن بێت، ئەوا دەرگای ریفراندۆم لەبەردەم کوردستان کراوەیە ".
ئەو سەرکردەیەی پارتی جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، دانوستانی بەردەوام لەسەر کێشەکانی ھەولێر و بەغدا بوونی ھەیە و لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ، پرسی سەربەخۆیی کوردستان و سیستەمی کۆنفیدڕاڵی لەگەڵ عێراق دانوستانەکانی زیاتر و فراوانتر دەبێ، گوتی: "بەھیچ شێوەیەک سەرکردایەتیی کوردستان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم پەشیمان نەبووەتەوە، وەکو ھەندێک دەیانەوێ نانی پێوە بخۆن، بابەتەکە تەنیا ئەوەیە کە عێراق دەرگای کردووەتەوە و جیابوونەوەش بە رێککەوتن لە عێراق بەشێوەی ئاشتییانە زۆر باشترە لە شێوەیەک کە ئەو رێککەوتنە نەکرابێت و کوردستان ریفراندۆم ئەنجام بدات، بەڵام ئەگەر ھەر نەکرا، ئەوا بژاردەی کوردستان بۆ جیابوونەوە لە عێراق ریفراندۆمە".
لای خۆشیانەوە ئەبوبەکر عەلی کاروانی، چاودێری سیاسی و سەرکردە لە یەکگرتووی ئیسلامی، کە نووسینێکی زۆریان لەسەر پرسی سەربەخۆیی کوردستان ھەیە، بۆ (باس) رای گەیاند، بژاردەی رێککەوتن لەگەڵ عێراق باشترە لە بژاردەی ریفراندۆم، ئەگەر کوردستان لەگەڵ عێراق رێکبکەوێ، لەلایەک کێشەی نابێت و لەلایەکی دیکەشەوە دانپیانانی نێودەوڵەتیشی بۆ ئاسانتر دەبێ، گوتی: "پێش ھەموو شتێک دەبێ توانای بڕیاردانمان ھەبێت، کە دەمانەوێ پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ عێراق دروست بکەین، ئەو بڕیارەش خەڵکی کوردستان و نوێنەری حزبە سیاسییەکانی کوردستان دەی دەن، دوای ئەوە دەتوانین بەتەواوی دروشمی فیدڕاڵی لەگەڵ عێراق بکەین بە سەربەخۆیی و کۆنفیدڕاڵی".
ئەو چاودێرە ئاماژەی بەوەش دا، دوای ئەو بڕیارە دەتوانرێ دەست بە جێبەجێکردنی میکانیزمەکەی بکرێ، گوتیشی: "چەند شتێک کاریگەری دەبێ لەسەر ئەو پرسە، یەکەمیان پێویستە خەڵکی یاسایی و سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری لەسەر ئەوە کۆببنەوە، کە لە رووی یاسایی و سیاسییەوە پێمان بڵێن کامە بژاردە باشترە و دەرھاوێشتەی کەمترە، بە رێککەوتن لەگەڵ عێراق یان بە ریفراندۆم. بە بڕوای من ئەگەر لەگەڵ عێراق رێکبکەوین ئەوا پرسی ریفراندۆم ھێندە گرنگیی نابێت کە ئەنجام بدرێ یان نەدرێ، تەنانەت دەتوانرێ لەوەشدا لەگەڵ عێراق رێکبکەوین، ئەوەی گرنگە لای بەغدا دیاریکردنی سنوورە، کە رەنگە کوردستان بۆ ئەو ناوچانەی کە پێیان دەگوترا دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ئێستا بە واقعی کەوتوونەتە ناو ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، رەنگە بۆ ئەو ناوچانە بۆ دیاریکردنی سنوور راپرسی پێویست بێت، چونکە بۆ پرسی نێودەوڵەتی و دانپیانانی نێودەوڵەتیش رێککەوتن لەگەڵ عێراق باشترە لە ئەنجامدانی راپرسی".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، بەرەنجامی رێککەوتن وا دەکات دەستوەردان نەبێت، گوتی: "عێراق کە خۆی بە خاوەنی وڵاتەکە بزانێ و بەوە رازی بێ ببێت بە دوو قەوارە، ئەوە بواری دەستوەردان ناھێڵێت و ئەگەر ھەشبێت ئەوا شەرعییەتی نابێت و کاریگەری لەسەر بڕیاری کوردستان نابێ، پێگەی کوردستانیش بەھێزتر دەبێ، لەبەرئەوە باشتر وایە قورسایی سەرکردایەتیی کورد لەسەر ئەوە بێت کە بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا جیابینەوە و دوا بژاردە ریفراندۆم بێت، کاتێک کە نائومێد بین لە رێککەوتن".
باسنيوز
