حزبی شیوعی: پەیامەکەی بارزانی دەستپێشخەرییەکی باش بوو و دەبێت لایەنەکان بەبێ مەرج لەگەڵ یەکتر کۆببنەوە“
ئەمڕۆ سێشەممە 29\11\2016، هەندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان، پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتیی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد: ”پەیامەکەی بارزانی دەستپێشخەرییەکی باش بوو، پارتیش دەستپێشخەری کردووە و سەردانی لایەنەکانی کردووە، ئەوان دەبێت هەموو لایەنەکان ببینن، دواتر قسە لەسەر وردەکارییەکان دەکرێت“.
بەپێویستیشی زانی، هێزە سیاسییەکان پێکەوە کێشەکانیان بخەنە لاوە و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی پارتی پێیانگوتوون، ئەوان جددین و گفتوگۆ لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن.
هەندرێن ئەحمەد ڕوونی کردەوە: ”لە کۆبوونەوەکەدا گوتمان دەبێت حزبەکان گفتوگۆ بکەن و بەرپرسیارێتی هەڵگرن. دەستوور و ناوەڕۆکەکەی یەکلا بکرێتەوە، مەسەلەی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی حکوومەت بەیەک پاکێج چارەسەر بکرێت“. گوتیشی: ”دەبێت لایەنەکان بەبێ مەرج بچنە ناو گفتوگۆکان“.
باسنیوز
