وەزارەتی کارەبا: دەتوانین 12 کاتژمێر کارەبا بدەین

وەزارەتی کارەبا: دەتوانین 12 کاتژمێر کارەبا بدەین
لەگەڵ دابەزینی پلەکانی سەرما، کارەبا لە ھەرێمی کوردستان کێشەی تێکەوت و کەم بووەوە، بە جۆرێک کار گەیشتە ئەوەی لە چەند رۆژی ڕابردوودا لە شەو و رۆژێکدا تەنیا چەند کاتژمێرێک کارەبا دەدرا. بەرپرسێکی وەزارەتی کارەباش ھۆکارەکانی کەمیی کارەبا روون دەکاتەوە و ئاشکرای دەکات، کاتژمێرەکانی کارەبا زیاتر دەبنەوە و کێشەکەیان چارەسەر کردووە.



محەمەد ئەمین ھەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا، ھۆکاری کەمبوونەوەی کارەبای لە چەند رۆژی رابردوودا ئاشکرا کرد و گوتی: "لە چەند رۆژی رابردوودا کێشەی دابەزینی پەستانی ئەو غازەمان ھەبوو کە بۆ وێستگەکانی کارەبا دەھات، کە بەھۆیەوە ھەزار مێگاوات کارەبا کەمی کرد، خۆشبەختانە ئەو کێشەیە چارەسەر کرا".



ئاماژەی بەوەدا، ئێستا بەرھەمی کارەبا لە سنووری ٢ ھەزار و ٤٠٠ مێگاواتە و ھەوڵی زیاتربوونیشی دەدرێت.



ڕوونیشی کردەوە، تۆڕبایینێکی وێستگەی کارەبای ھەولێر لە چەند رۆژی داھاتوودا دەکەوێتە کار و بەھۆیەوە چەند کاتژمێرێکی تر کارەبا زیاد دەبێت، گوتیشی: "ئەو یەکەیەی بەرھەمھێنانی کارەبا لە وێستگەی ھەولێر ئێستا لەژێر نۆژەنکردنەوە و چاککردن دایە و لە چەند رۆژی داھاتوودا دەکەوێتە کار، کە بەرھەمەکەی ٢٥٠ مێگاوات کارەبایە و دەتواندرێت چەند کاتژمێرێکی تر کارەبا زیاد بکەین".



بەرپرسەکەی وەزارەتی کارەبا پێی وایە، بەھۆی ھاتنی شەپۆڵی سەرماوە خواست لەسەر کارەبا زۆر زیادی کردووە و فشارێکی زۆریش دروست بووە: " کاتێک کارەبای نیشتمانی دێتەوە، خەڵک ئامێرەکانی گەرمکەرەوە زیاد لەپێویست بەکار دەھێنن، ئەوەش فشارێکی زۆری دروست کردووە لەسەر کارەبای نیشتمانی".



ھەورامی جەختی کردەوە، لەم بارودۆخەدا تەنیا دەتوانن ١٢ بۆ ١٣ کاتژمێر کارەبا بدەن، دەشڵێت: "ئێستا خواست لەسەر کارەبا لە ٥ ھەزار بۆ ٥ ھەزار و ٥٠٠ مێگاواتە، لە کاتێکدا بەرھەمی ئێمە ٢ ھەزار و ٤٠٠ مێگاواتە، بۆیە ناتوانین تەوای خواستی سەر کارەبا پڕ بکەینەوە، بەڵام ھەوڵ دەدەین زۆرترین بڕی کارەبا بۆ ھاووڵاتییان دابین بکەین، بەو مەرجەی ئەوانیش ھاوکارمان بن لە کەمکردنەوەی ئامێرەکانیان".



محەمەد ئەمین ھەورامی ئاشکراشی کرد، زیادبوونی ژمارەی ئاوارەکانیش ھۆکارێکی تری کەمبوونەوەی بڕی کارەبایە، گوتیشی: "لە زستانی ساڵی ڕابردوو بۆ ئەم زستانە ١٠٠ ھەزار بەشداربووی کارەبا زیادی کردووە، ئەوەش رێژەیەکی زۆر زۆرە، کە بەشی زۆری بۆ ئاوارەکان دەگەڕێتەوە".



ئەو پێی وایە لەم زستانەدا ھیچ وێستگەیەکی تازەی کارەبا ناکەوێتە کار، بەڵکو بۆ ھاوینی داھاتوو وێستگەی خەبات لە ھەولێر دەکەوێتە کار، کە بەرھەمەکەی ٣٠٠ مێگاواتە.



لە وەرزی ھاوینی رابردوودا بەرزترین خواست لەسەر کارەبا ٤ ھەزار و ٥٠٠ مێگاوات بوو، بەڵام لە زستاندا بەرز بووەتەوە بۆ ٥ ھەزار و ٥٠٠ مێگاوات.



ئەو بەرپرسەی کارەبا ڕاشی گەیاند، بەھۆی کەمبوونەوەی کارەبا، بەپێی بەرنامەیەک ئەو کاتانەی کارەبا نەبێت بە کارەبای موەلیدە ئەھلییەکان پڕ دەکرێتەوە.



ئەوەشی خستە ڕوو، نزیکەی ٢ ھەزار مێگاوات کارەبا لە غازی سروشتی بەرھەم دێت، بۆیە پێی وایە باشبوونی غازی سروشتی کێشەکانیان چارەسەر دەکات و ھەر کات غاز نەگاتە وێستگەکانمان کێشەمان بۆ دروست دەبێت.





باسنیوز
Top