حەلەب؛ گەڕەكی شێخ مەقسود بەچڕی بۆردومان دەكرێت

حەلەب؛ گەڕەكی شێخ مەقسود بەچڕی بۆردومان دەكرێت
چەكدارانی سەر بە هاوپەیمانی نیشتیمانی سوریا بەردەوامن لە بۆردومانكردنی گەڕەكی شێخ مەقسودی كوردنشین لە شاری حەلەب بەچەكی قورس، بەوهۆیەوە تاوەكو ئێستا "شەش كەس گیانیان لەدەستداوەو 13ی تریش برینداربوون".

بەپێی هاوار نیوز، چەكدارانی سەر بە هاوپەیمانی نیشتیمانی سوریا كە لە گەڕەكی كفر حەمرە جێگیربوون "لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە بەردەوامن لە بۆردومانكردنی گەڕەكی شێخ مەقسود‌و دەیان موشەكیان ئاڕاستەی ئەو گەڕەكە كردووە".


ئاماژە بەوەشكراوە كە بەهۆی بۆردوومانەكانەوە "شەش كەس گیانیان لە دەستداوە، یەكێكیان منداڵەو 13 كەسی تریش برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە كراون".

بەهۆی بۆردوومانەكانەوە زیانی مادی گەورە بەردانیشتوانی ئەو گەڕەكە كەوتووە.

ئەوە لەكاتێكدایە، یەكینەكانی‌ پاراستنی‌ گەل(یەپەگە) شەش هەزار هاوڵاتی مەدەنییان لە گەڕەكەكانی رۆژهەڵاتی شاری حەلەب رزگاركردوەو گەیاندویاننەتە گەڕەكی كوردنشینی(شێخ مەقسود)، دوای‌ ئەوەی‌ ئەو گەڕەكانە لەلایەن رژێمی‌ ئەسەدەوە كۆنتڕۆڵكران.


لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا، هێزەكانی سەر بە سوپای ئەسەد توانییان شەش ناوچەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكە لە حەڵەب كۆنتڕۆڵبكەنەوە، بەوهۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی مەدەنیی شارەكە ناچار بە جێهێشتنی ماڵەكانیان كران، ئەمڕۆش سوپا گەڕەكی‌ ساخوری‌ كۆنتڕۆڵكردەوە.

فەرماندەی گشتی یەپەگە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند"ئێمە وەكو یەپەگە ئەو ئەركەی‌ لەسەر شانمانە كە هەموو هاوڵاتیانی‌ مەدەنی لە شاری حەلەب و سوریا بپارێزین جێبەجێی دەكەین، تا ئەمڕۆ توانیومانە بەرگری لە خەڵكی خۆمان لە گەڕەكی شێخ مەقسود بكەین و ئەمڕۆ خەڵكی سڤیلی رۆژهەڵاتی حەلەب دەپارێزین".

ماوەی چەند مانگێكە نزیكەی ٢٥٠ هەزار هاوڵاتیی مەدەنی لە حەڵەب گەمارۆدراون و لەو ماوەیەدا رووبەڕووی كەمیی خواردن، سوتەمەنی و پێداویستیی تەندروستی بوونەتەوە.


XENDAN -
Top