عەبادی گۆڕانی بێهیوا کرد: راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكانی ھەرێمدا ناكەین

 	 عەبادی گۆڕانی بێهیوا کرد: راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكانی ھەرێمدا ناكەین
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، نوێنەری گۆڕان پرسیاری لە سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد كە ئایا ئامادەیە راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستاندا بكات، بەڵام (حەیدەر عەبادی) گوتی نەخێر، چونکە دەست لە كاروباری ھەرێم وەرنادات.

عەبادی: پارەی یەدەگی بانكی ناوەندی بەكار دەھێنین
حاكم (سەرحان سلێڤانەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوێنێ لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆ بووینەوە لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق و سەرۆكوەزیران باسی لەوە كرد، لە ئێستادا ئێمە پارەی یەدەگی خۆمان لە بانكی ناوەندی بەكار دەھێنین و ئەوەش موڵكی ئێمە نییە و پێویستە بیگەڕێنینەوە، ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت حكوومەت ناتوانێ مووچەی فەرمانبەران بە داھاتی نەوت دابین بكات."

عەبادی پەرلەمانتارەکەی گۆڕانی بێهوا کرد
(سلێڤانەیی) گوتیشی: "نوێنەری گۆڕان پرسیاری لە سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد كە ئامادەیە بە جیا و راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستاندا بكات بۆ دابینكردنی بەشەبودجەكەیان، لە وەڵامدا سەرۆكوەزیران ئەوەی رەت كردەوە و باسی لەوە كرد، خۆی ناخاتە نێو كێشەكانی ھەرێمی كوردستان و دەست لە كاروباری ئەوان وەرنادات، گوتیشی با هەرێم لەنێو خۆیاندا رێك بكەون، ئێمە دواتر ئامادەین گفتوگۆیان لەگەڵ بكەین وەكو ھەرێمی كوردستان".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەیشی خستە ڕوو: "سەرۆكوەزیران لەو پرسیارانەی لەبارەی ھەرێمی كوردستانەوە لێی دەكرا، خۆی دەدزیەوە و نەیدەویست زۆر لەسەری بڕوات و تەنیا باسی لەوە كرد كە رێككەوتن لەناو بودجەدا ھەیە و گەر بگەینە رێككەوتن، جێبەجێ دەكرێت".
باسی لەوەیش كرد: "ئەوەی من تێبینیم كردووە كە بەغدا ئامادە نییە بەشەبودجەی ھەرێم بدات تەنیا لە حاڵەتێكدا نەبێت، گەر رێككەوتنێكی نوێ لە نێوان ھەرێم و بەغدادا بكرێت، بۆیە ھەرێم تا بتوانێ پشت بە خۆی ببەستێت باشترە لەوەی بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، چونكە تەنانەت ئامادە نین لە قەرزەكانیش پشكی ھەرێمی كوردستان بدەن".
KDP-
Top