قائیمقامی پێنجوێن: چەن داوایەکمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە

 قائیمقامی پێنجوێن: چەن داوایەکمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە
قائیمقامی قەزای پێنجوێن، ئاشكرای دەكات یاداشتێكیان لەڕێگەی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كردووە، كە چەندین داواكاریی سنوورەكەی لەخۆ گرتووە.

زانا رەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن، ئەمڕۆ دووشەممە 2016 -11 -28 لە لێدوانێكی تایبەتدا گوتی"دوێنێ یەكەشممە لە كاتی سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەردار قادر، پارێزگاری سلێمانی، بۆ سنووری پێنجوێن و مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، یاداشتێكمان لەڕێگەی جێگری سەرۆكی حكوومەتەوە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كرد".

ڕوونیشی كردەوە، ناوەڕۆكی یاداشتەكەمان بریتی بوون لە داواكاریی سنوورەكەمان كە خستمانە بەردەستی قوباد تاڵەبانی و تایبەت بوون بەو پڕۆژانەی كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیاندا وەستاوە وەك پڕۆژەكانی (ڕاكێشانی كارەبای گوندەكان و قیرتاوكردنی ڕێگای گوندەكان و قیرتاوكردنی گەڕەكەكانی ناو پێنجوێن."

ئاماژەی بەوەش كرد، "هاوكات داواشمان كردووە كە بەهۆی سەختیی كەشوهەوای پێنجوێن و دەوروبەری، پێویستمان بە پێدانی نەوتی دیكەیە بە هاووڵاتیان و بەو هیوایەی بەشێك لە داواكارییەكانمان بۆ جێبەجێ بكرێن."
















باسنیوز
Top