قائیمقامی پێنجوێن: چەن داوایەکمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە
زانا رەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن، ئەمڕۆ دووشەممە 2016 -11 -28 لە لێدوانێكی تایبەتدا گوتی"دوێنێ یەكەشممە لە كاتی سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەردار قادر، پارێزگاری سلێمانی، بۆ سنووری پێنجوێن و مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، یاداشتێكمان لەڕێگەی جێگری سەرۆكی حكوومەتەوە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كرد".
ڕوونیشی كردەوە، ناوەڕۆكی یاداشتەكەمان بریتی بوون لە داواكاریی سنوورەكەمان كە خستمانە بەردەستی قوباد تاڵەبانی و تایبەت بوون بەو پڕۆژانەی كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیاندا وەستاوە وەك پڕۆژەكانی (ڕاكێشانی كارەبای گوندەكان و قیرتاوكردنی ڕێگای گوندەكان و قیرتاوكردنی گەڕەكەكانی ناو پێنجوێن."
ئاماژەی بەوەش كرد، "هاوكات داواشمان كردووە كە بەهۆی سەختیی كەشوهەوای پێنجوێن و دەوروبەری، پێویستمان بە پێدانی نەوتی دیكەیە بە هاووڵاتیان و بەو هیوایەی بەشێك لە داواكارییەكانمان بۆ جێبەجێ بكرێن."
باسنیوز
