سکاڵای یاسایی لە دژی ئەوانە تۆمار کراوە کە تەقەیان لە بارەگای پارتی کردووە
ئیسماعیل هەنارەیی، کادیری پێشکەوتووى لقی 19ی پارتى دیموکراتىی کوردستان، ڕایگەیاند: "دواى ڕووداوى تەقەکردن لە بارەگاى لقى 19ی پارتى لە شارۆچکەى چەمچەماڵ، ئێستا هێزەکانى ئاسایش و پۆلیس سەرقاڵى لێکۆڵێنەوەن بۆ ئاشکراکردنى ئەو کەسانەى تەقەیان لە بارەگاکە کرد”. گوتیشی: "سکاڵاى یاسایی لەسەر ئەو دەستە تۆمار کراوە کە تەقەى لە بارەگای لقى 19ی پارتى کردووە و ئێستاش لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە پەڕاوى لێکۆڵینەوە بۆ هۆکارى ڕووداوەکە کراوەتەوە”.
ئەو کادیرە پێشکەوتووەی پارتی ئەوەشی ئاشکرا کرد: “بەچەکى جۆى (M4) لە ناو ئۆتۆمبێلێکى نەناسراودا تەقە لە بارەگاى پارتى لە چەمچەماڵ کراوە و نزیکەى 18 فیشەک بەر بارەگاکە کەوتووە. لەگەڵ ئەوەشدا چوار قەوانى فیشکەکە بەجێ ماوە”.
دەربارەى هۆکارى ئەو تەقەکردنە، ئیسماعیل هەنارەیی گوتی: "دواى پەیامەکەى بارزانى، دەستێکى تێکدەر دەیەوێت ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان تەشەنە بکات، بێگومان هۆکارى تەقەکردنەکە پەیوەندى بەو دەستە تێکدەرەوە هەیە کە دەیەوێت ئارامیی هەرێمى کوردستان تێک بدات”.
کاتژمێر (9:50) خولەکی شەوى ڕابردوو، تەقە لە بارەگای لقى 19ـهى چەمچەماڵی پارتی دیموکراتیی کوردستان کرا. ئەمە بۆ جارى چوارەمە تەقە لە هەمان بارەگاى پارتى دەکرێت.
باسنیوز
