بەرپرسێکی یەکێتی: با چیتر پرۆسەی سیاسی لەسەر ئەوانە پەک نەخرێت کە نایەنە پێشەوە

 بەرپرسێکی یەکێتی: با چیتر پرۆسەی سیاسی لەسەر ئەوانە پەک نەخرێت کە نایەنە پێشەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕای گەیاند، پێویستە پارتی و یەکێتی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و ”چیتر پرۆسەی سیاسی لەسەر ئەوانە پەکی نەکەوێت کە نایەنە پێشەوە“.

ئەمڕۆ دووشەممە 28\11\2016،ڕێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ڕاگەیاند: ”دەستپێشخەرییەکەی بارزانی گرنگە و پێویستە لایەنەکان زۆر بەجددی لە خەمیدا بن و بێنە سەرخەت، هەنگاوی کرداری بنێن، ئەوەی پڕۆژە و بیرۆکەیەکی هەیە، بێتە پێشەوە، چونکە ئامانجەکە نیشتمانی و نەتەوەییە تا لەم دۆخە دەرباز بین“.

بێرکۆتی پێیوایە، لە ڕابردوودا گرفت و شەڕ و ناخۆشی هەبووە، بەڵام ئێستا کوردستان شەڕی لێ دوور کەوتووەتەوە و مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دەستپێشخەرییەکی کردووە. دەشڵێت: ”دەستپێشخەرییەکەی بارزانی گرنگە، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەو برایانەیە کە ناڕازین لە دۆخەکە و گلەیی و گازاندەیان هەیە، بەڵام بە پلەی یەکەم، بەرپرسیارێتی لەسەر یەکێتی و پارتییە، هەردوولا گرنگە بە تەواوی شان بدەنە بەر دۆخەکە، ئەوەی نایەتە پێشەوە، چیتر پرۆسەی سیاسی لەسەر ئەمانە پەکی نەکەوێت، دەست لەناو دەست، پرۆسەکە ببەینە پێشەوە و سەربکەوین“.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، سەبارەت بە بۆچوونی هەردوو ئاراستەکەی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی دەستپێشخەرییەکە، گوتی: ”هەردوو ئاراستەکەی یەکێتی یەک بۆچوونیان لەسەر دەستپێشخەرییەکە هەیە، ئەوەش گرنگە، هەندێکجار ڕای جیاواز هەیە، بەڵام ئەمجارە خۆشبەختانە ڕای جیاواز نەبووە، ئەمە بابەتێکی نیشتمانییە، هەندێک کەموکوڕی کە لە ڕابردوودا ڕووی داوە، پێویست ناکات کەس تۆمەتبار بکەین، ئێمە بڵێین پارتی وای کرد و پارتیش بڵێ یەکێتی وای کرد و یەکێتیش گۆڕان تۆمەتبار بکات، ئەوە نابێت، دەبێت هەمووان بە بوێری بێنە سەر خەت. ڕەنگە هەندێک لە حزبەکان لە شەقام و جەماوەر بترسن، بەڵام دەبێ ئەوە بزانن کە ئەمە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی گەورەیە و ناکرێت بە هەوای فەیسبووک سەیری سیاسەتی داهاتووی کوردستان بکەن. بە تایبەتیش یەکێتی و پارتی کە دەبێت زیاتر بارگرانی بخەنە سەر شانی خۆیان“.

لە کۆتاییشدا دووپاتی کردەوە: ”بۆ دانوستاندن مەرجی پێشوەختە شتێکی باش نییە. هەر لایەنێک مەرجی پێشوەختە بسەپێنێت، ئەوا من بە باشی نازانم، ئەگەر بە کردار لە خەمی هاووڵاتییان و خەڵکین، دەبێت خەڵک لەم دۆخە ڕزگار بکەین“.














باسنیوز
Top