کورد داواکارییەکانی بۆ بودجەی ٢٠١٧ بە حەیدەر عەبادی دەگەیەندرێت

کورد داواکارییەکانی بۆ بودجەی ٢٠١٧ بە حەیدەر عەبادی دەگەیەندرێت
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧\١١\٢٠١٦، لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، لەگەڵ حەیدەر عەبادی کۆدەبێتەوە و پەرلەمانتارێکی کوردیش ڕای دەگەیەنێت کە داخوازییەکانی کورد لەسەر بودجە بە عەبادی دەدەن.

سەرحان سلێڤانەیی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند: "بڕیارە کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، وەکوو لێژنەی دارایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆببنەوە”.

ئەوەشی گووت: “ئێمە وەکوو نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داواکاریی کوردمان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی بکەین، لەوانە جێگیرکردنی ١٧٪ی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان و رەوانەکردنی بۆ ھەرێمی کوردستان، جگەلەوەش بەشە بودجەی ھێزی پێشمەرگە خەرج بکرێت”.

سەرحان سلێڤانەیی، جەختی لەوە کردووەتەوە: “ئێمە داواکارییەکانی خۆمان پێشکەش دەکەین، ئەوەی دیکە لەسەر ئەوان دەمێنێتەوە کە تا چەند جێبەجێ دەکرێت، چونکە ئەرکی ئێمەیە داکۆکی لەمافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکەین”.

پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراق، لەسەر بنەمای ١٠٠ تریلیۆن دینار داندراوە و بەپێی ڕێژەی ١٧٪ بێت، پشکی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ١١ تریلیۆن دینار دەبێ
PAYAMNER -
Top