باشماخ.. سیستەمێکی پێشکەوتووی داتابەیس دادەنرێت

باشماخ.. سیستەمێکی پێشکەوتووی داتابەیس دادەنرێت
ئەمڕۆ یەکشەممە، بۆ یەکەمجار و لەناو سنووری نێودەوڵەتی باشماخ، سیستەمی داتابەیس، کرایەوە، کە لەمەولا پاڵپشتێکی باش دەبێت بۆ زوو ڕاپەڕاندنی کاروباری بازرگانان و شۆفێران.


شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی سنووری نێودەوڵەتی باشماخ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "زیاتر لەچەند مانگێکە لەناو بەشی مەنەفێستی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان، سەرقاڵی دانانی سیستەمی داتابەیس بووین، کە سیستەمێکی پێشکەوتوویی جیھانییە و لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو بەکاردەھێندرێت".


بەڕێوەبەری گومرگی سنووری نێودەوڵەتی باشماخ، ئەوەشی ڕوونکردەوە: "بە خۆشحاڵیەوە ئەمڕۆ یەکشەممە 27/11/2016 بۆ یەکەمجار لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکەماندا، توانیمان ئەو سیستەمە بکەینەوە کە ڕۆڵێکی زۆر باشی دەبێت بۆ نەھێشتنی ڕۆتینات و کاتێکی زۆریشمان بۆ دەگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی لەماوەیەکی زۆر کورتدا و ڕۆژانە کاروباری گومرگی بازرگانانی ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران و شۆفێرانیش ڕابپەڕێنین".


گوتیشی: "ئەمە سەرەتایەکی زۆر باش دەبێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لەداھاتوودا لەتەواوی ئەو شوێنانەدا بکرێتەوە کە کاروباری گومرگی ئەنجامدەدەن، سوودێکیشی ئەوەیە کە دەتوانرێت بە کەمترین کادری ڕاھێندراو لەسەر سیستەمەکە زۆرترین کاروبار بەڕێوەببرێت".
BAS NEWS -
Top