نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ ئەو لایەنانە كۆ نابینەوە كە مەرج دادەنێن
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەوەی ڕەت كردەوە لەگەڵ ئەو لایەنانە كۆ ببنەوە كە مەرج بۆ كۆبوونەوەی نێوان لایەنەكان دادەنێن كە بڕیارە لەبەر ڕۆشنایی پەیامەكەی بارزانی، ئەنجام بدرێت.
دوای كۆتاییهاتنی پەیامەكەی لە مەراسیمی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی بەیاساییكردنی حەشدی شەعبییەوە ڕایگەیاند: "ئەو ڕۆڵە گرنگەی لە شەڕی داعشدا حەشدی شەعبی بینیویەتی، لەبەرچاو دەگرین، بەڵام دەبوو پێشمەرگەش بخرێتە چوارچێوەی بایەخی حكوومەتی بەغدا و داواكانی هێزی پێشمەرگەش وەك حەشدی شەعیی بخرێتە بەرچاو، ئەم سیاسەتە دووفاقییەی حكوومەتی عێراق باش نییە، خۆ دەكرا پێشمەرگە بخرێتە نێو سیستمی بەرگریی عێراقەوە و ماف و پێداویستییەكانی بۆ دابین بكرێت".
لەبارەی ڕێككەوتنەكانەوە لەگەڵ عێراقیشدا، سەرۆك وەزیران، ئەوەی ڕوون كردەوە: "لە ٢٠١٤ـەوە كە عێراق بودجەی كوردستانی بڕی، بۆیە بە ناچاری نەوتمان ڕەوانەی دەرەوە كرد، ئەگەر چارەیەك هەبێ و بەرژەوەندییەكانی هەرێم مسۆگەر بێ، ئەولەویەتی هەرێم ڕێككەوتن دەبێ لەگەڵ بەغدا و ئامادەین بچینە بەغدایش. بەڵام ڕاستییەك هەیە دەبێ بزانرێ كە خۆی ئەوانیش كێشەی بودجەیان هەیە، بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە كە ئەوان پارەی یەدەگیان هەیە و بەكاری دێنن. خۆ ئەگەر بێت و بەڵینی دانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدەن، ئامادەین بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدادا".
لەبارەی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لە نێوان لایەنە ساسییەكانی هەرێمی كوردستاندا، لە پاش پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، ئەوەی خستەڕوو: "دەبوو لە سەرەتای شەڕی دژی داعشەوە ئەولەیەتی كۆی لایەنەكان شەڕ بوایە، نەك دروستكردنی بابەتێك تا دۆخی هەرێم وا ئاڵۆز ببێ، هەڵبەت پەیامەكەی سەرۆكی هەرێم زۆر ڕوونە بۆ پێكەوە هەڵكردن، بەڵام پرسیار ئەوەیە لایەنەكان چەندە بەپیر دەستپێشخەرییەكەیەوە دێن تا گرفتەكان چارە بكرێن؟".
هەروەها نێچیرڤان بارزانی، لەبارەی ئەوەشەوە كە پارتی ئامادەیە لەگەڵ كۆی لایەنەكاندا كۆ ببێتەوە، ڕاگەیاند: "هەر لایەنێك مەرجی نەبێ بۆ دانیشتن، ئێمە لەگەڵیاندا كۆ دەبینەوە، بەڵام كە مەرج هەبێ لەگەڵیاندا كۆ نابینەوە".
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانیش، گوتیشی: "ئێستا هەموو هەوڵێكمان ئەوەیە ئەو بەڵێنانەی داومانە جێبەجێ بكەین، بە گوێرەی بەرنامەكەشی دامانناوە، نامانەوێ مووچەی فەرمانبەر بفەوتێ، بەڵام ئێمە لەبارێكی دارایی خراپداین، حكوومەت لەبەر دۆخە داراییەكەی نەیتوانیوە دۆخی مووچە چارە بكات، بەڵام ئەوەی كە دەگوترێ پارە هەیە و حكوومەت نایدا، وا نییە".
BAS NEWS -
