مه‌سروور بارزانی: پێویسته ئه‌و هه‌ڵانه‌ی له ڕابردوودا به‌رامبه‌ر مافه‌كانی كورد كراون ڕاست بكرێنه‌وه
ئه‌مڕۆ 27/11/2016 مه‌سروور بارزانی، ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له خافێر هورتادو میرا، سه‌رۆكی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی ئه‌وڕووپا و شاندی یاوه‌ری كرد و رایگه‌یاند: "هیوادارم كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو ببه‌ستن و ویسته‌كانی لاوانی ئه‌وڕووپا و لاوانی كوردستان به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی تێیدا ڕه‌نگ بداته‌وه".
له دیدارێكدا، كه به ئاماده‌بوونی فه‌لاح حه‌سه‌ن، جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی جیهانی به‌ڕێوه‌چوو، دوا په‌ره‌سه‌ندنی ڕووداوه سه‌ربازیی و سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه، كێشه و قه‌یرانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و شه‌ڕی دژ به تیرۆرستانی داعش تاوتوكرا.
مه‌سروور بارزانی، له گوته‌یه‌كدا په‌یوه‌ست به كێشه و گرفته‌كانی ناوچه‌كه، باسی له شكستی سیسته‌می سیاسی و نایه‌كسانی له نێوان گه‌لانی ناوچه‌كه كرد و به‌تێروته‌سه‌لیش باسی له قۆناغه‌كانی خه‌باتی ڕه‌وای گه‌لی كورد بۆ گه‌یشتن به مافه‌كانی كرد و رایگه‌یاند: "پێویسته ئێوه‌ی لاوان له وڵاته‌كانی خۆتاندا له‌ڕێگه‌ی یه‌كێتیه‌كه‌تانه‌وه هه‌وڵه‌كانتان زیاتر چڕ بكه‌نه‌وه بۆ ئاشناكردنی هاووڵاتیانی وڵاته‌كانتان به كێشه مێژوویی و بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ناوچه‌كه، كه پێویسته ئه‌و هه‌ڵانه‌ی له ڕابردوودا به‌رامبه‌ر مافه‌كانی كورد كراون، ڕاست بكرێنه‌وه".
له‌لای خۆیه‌وه سه‌رۆكی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی ئه‌وڕووپا، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه ئه‌وان له یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی ئه‌وڕووپا له وڵاتانی ئه‌ندام له یه‌كێتی ئه‌وڕووپا كار ده‌كه‌ن بۆ پشتیوانیكردن له مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و گوتیشی: "ئێمه شانازی به پێشمه‌رگه ده‌كه‌ین و قوربانیدانه‌كانی به‌رز ده‌نرخێنین".
جێی ئاماژه‌یه شاندی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی ئه‌وڕووپا چه‌ند ڕۆژێكه به مه‌به‌ستی ئاماده‌كاری بۆ كۆبوونه‌وه ی ساڵانه‌ی خۆی له هه‌ولێری پایته‌خته، كه بڕیاره ئه‌مساڵ به دروشمی (پێشمه‌رگه هێزه‌كه‌ی ئاشتی و ئازادی) به به‌شداری سه‌رۆكی لاوانی 14 وڵاتی ئه‌وڕووپی، به ئامانجی پشتگیریكردن له پێشمه‌رگه و مافه‌كانی كورد له هه‌رێمی كوردستان، ببه‌سترێت.
BAS NEWS -
