جێرۆسالم پۆست: کاتی دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانە
لە بابەتێکدا ڕۆژنامەی جێرۆسالم پۆست، ئاماژەی بە دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا و هەروەها هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ لە ئەمەریکا کردووە وەک دوو پڕۆسەی گەورەی دیموکراسی لە جیهان لەمساڵدا کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان دەبێت لەسەر دەرەوەی سنوورەکان و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
(ئیکهیل مارسیۆ) نووسەری ڕۆژنامەکە لە وتارێکدا باس لە هەرێمی کوردستان دەکات کە توانیویەتی چالاکانەتر لە پێکهاتەکانی دیکەی عێراق پێگەی خۆی قایمتر بکات و لەو بارەیەوە کوردەکان بە گەلێکی ئاشتیخواز و لێبوردە ناوزەد دەکات کە خاوەنی چەندین ئایین و مەزهەبی جیاوازە و ئافرەتان بەشدارییەکی کارایان هەیە لە کایەکانی دەوڵەت و ئازادییە سیاسی و فیکرییەکانیش بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دراوسیی زۆر باشترە. نووسەری جێرۆسالم پۆست کوردەکان بە تاکە هێزی ڕاستەقینەی دژ بە تیرۆریزمی جیهانی دەزانێت کە لەو پێناوەدا ئامادەی هەموو قوربانیدانێکن.
لە بابەتی ڕۆژنامەکەدا هەروەها هاتووە کە لەمێژوودا زۆر کەمن ئەو وڵاتانەی پێش دەوڵەتبوونیان هێندەی خاک و خەڵکی کوردستان ئامادەیی بەدەوڵەتبوونیان تێدابووبێت.
بە وتەی میژوونووس (ئێرک هۆبسبۆم)، "سەدەی ٢١ سەدەی گۆڕانکارییە مەحاڵەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لێی بەدوور نابێت. کاتی دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانیش یەکێکە لەو ئەگەرانەی کە لە دەرگا تەسک و تاریکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەرکەوتووە بەڕووی کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی و جیهانیدا".
KDP
