ڕووسیا: جارێکی دیکە بنکەی ئاسمانیی ئێران بەکار دەهێنین

 ڕووسیا: جارێکی دیکە بنکەی ئاسمانیی ئێران بەکار دەهێنین
کۆمیتەی بەرگریی پەرلەمانی باڵای ڕووسیا دوێنێ شەممە ئاشکرای کرد "ئەگەری زۆرە ڕووسیا بۆ جارێکی دیکە بنکەی ئاسمانیی (نووژە) لە هەمەددانی ئێران بۆ هێرش بۆ سەر ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەکار بێنێ."



بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (میزان)ی ئێران و بە پشتبەستن بە ماڵپەری (سپۆتینگ)ی ڕووسی، دوێنێ شەممە 2016 -11- 26 کۆمیتەی بەرگریی پەرلەمانی باڵای ڕووسیا جەختی کردووەتەوە ئەگەری زۆرە کە ڕووسیا بۆ جارێکی دیکە بنکەی ئاسمانیی (نووژە) لە ئێران بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی خۆی بەکار بێنێتەوە."



ڤیکتۆر ئۆزۆف، سەرکۆی کۆمیتەی بەرگریی پەرلەمانی باڵای ڕووسیا بە ماڵپەڕی (ڕیانووسیتی)ی ڕووسیای گوتووە "ئەگەر بێت و کەشتیی فڕۆکە هەڵگری (ئەدمیراڵ کۆزنتسۆف) دیسان مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی ئاسمانیی هەبێت و نەتوانێ هێرش بکاتە سەر تیرۆرسیتەکان لە سووریا، ئەگەری زۆرە دیسان بنەکی ئاسمانیی هەمەدان بۆ هێرش بەکار بهێنرێت."



هێزی ئاسمانیی ڕووسیا لە مانگی سیپتەمبەری ساڵی 2016ەوە بە فەرمانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بەدەستی بە ئۆپراسیۆنی ئاسمنی لەدژی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کردووە.



لە چەند مانگی رابردوودا ڕووسیا بنکەی ئاسمانیی نووژەی هەمەدانی بۆ ئۆپراسیۆنی ئاسمانی بەکار هێنا، کە کاردانەوەی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێ کەوتەوە و ئێران سەرەتا حاشای لێ کرد، بەڵام دواتر بەرپرسانی سەربازی و سیاسی گوتیان، ڕووسیا ڕێککەوتنە سەربازییەکانی شکاندووە و تەنیا ئیزنی نیشتنەوەی پیدراوە.



ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ چەند ڕێککەوتنی سەربازی و ستراتیژی لە نێوان ئێران و ڕووسیا وەک دوو هاوپەیمان و پاڵپشتی حکوومەتی سووریا واژۆ کراوە.






باسنیوز
Top