ئەگەر هەموو لایەنەکانیش ڕێک نەکەون زۆرینەیەکی سیاسی لە کوردستان دروست دەبێت“

ئەگەر هەموو لایەنەکانیش ڕێک نەکەون زۆرینەیەکی سیاسی لە کوردستان دروست دەبێت“
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە، دەبێت لایەنەکان دەرفەتەکەی ئێستا بۆ ڕێککەوتن لەدەست نەدەن و ئەوەش ئاشکرا دەکات کە ئەگەر هەموو لایەنەکان ڕێک نەکەون، ئەوا زۆرینەیەکی سیاسی لە کوردستان دروست دەبێت.



مەردان خدر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی ڕاگەیاند: هەموو لایەنەکان پێش بڕیاری سەردانی شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی، پێشوازییان لە پەیامەکەی بارزانی کردووە. ئەم سەردانەی شاندەکەش لە چوارچێوەی پەیامەکەیە، بۆیە لەسەرەتادا موژدەبەخشە بەوەی کە سەردانەکە ئەنجامی باشی هەبێت“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە گرفتەکان ئەوەندە زۆر بوون و کەڵەکە بوون، هەموو لایەنەکان هەستیان بەوە کردووە، ئیدی هیچ دەرفەتێک بۆ زیاتر لێکترازان نەماوە. دەشڵێت: ”لایەنەکان لەوە گەیشتوون کە ئەم هەلە لەدەست نەدەن، هەم پەیامەکەی بارزانی و هەم سەردانەکەی شاندی پارتی بقۆزنەوە تاوەکوو کێشەکان چارەسەر بکەن و بە ڕێککەوتنێک بگەن“.



بە بڕوای مەردان خدر، لێدوانی توندی بەرپرسانی لایەنەکان لە بەرژەوەندیی ئەو قۆناغەدا نییە، تەنیا زیانی هەیە و ئەنجامی لێ ناکەوێتەوە. بۆیە دووپاتی کردەوە: ”هەر لایەنێک کە لەم قۆناغەدا و بە تایبەتی لەم هەلەدا نێتە پێش، خۆی زیان دەکات. ئەوکات بۆ خەڵک و لایەنەکانیش دەردەکەوێت کە کێ گرفت دروست دەکات و نایەوێت کێشەکان چارەسەر بکرێت“.

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”ئەگەر هەموو لایەنەکان ئەم دەرفەتە نەقۆزنەوە، پێموایە زۆرینەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دروست دەبێت. ئەوەمان لەبیر نەچێت کە لە کۆتایی ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردن هەیە، بوار نییە و دەبێت پەرلەمان دابنیشێت و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان بکات، بۆیە کاتێکی زۆرمان بە دەستەوە نییە و کاتەکە گونجاوە بۆ ڕێککەوتنی لایەنەکان. ئەگەر سەیری پەیامەکەی بارزانی بکەین، دەبینین هەموو دەرگاکان کراوەن و هیچ مەجالێک بۆ گرفت نەهێڵدراوەتەوە“.






باسنیوز
Top