دوران كالكان: ئەردۆغان بابیر لەچارەنوسی كۆشكەكەی بكاتەوە لەبری هێرشكردنەسەر قەندیل
ئەندامێكی دەستەی بەڕێوەبەریی پەكەكە لەبەرامبەر هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركیا بە هێرشكردنی سەر قەندیل، رایگەیاند باشترە ئەردۆغان لەبری هێرشكردنەسەر قەندیل، بیر لە هێرشكردنەسەر كۆشكەكەی خۆیو چارەنوسی بكاتەوە.
دوران كالكان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی فورات نیوز رایگەیاند"هەر هێرشكردنێكی حكومەتی ئەكەپەو سوپای توركیا بۆسەر باشوری كوردستان، دەوڵەتی توركیاو حكومەتەكەی لە روخان نزیك دەكاتەوەو كۆتایی بەخۆ هێنانە".
كالكان ئاماژەبەوەشدەكات، پێویست ناكات ئەردۆغان بیر لە چارەنوسی قەندیل بكاتەوە، بەڵكو باشترە بیر لە چارەنوسی كۆشكەكەی بكاتەوە كە كۆتاییەكەی چیدەبێت، "كەی لە كۆشكەكەی هێرش دەكەنەسەریو چۆن روبەروی هێرش دەبێتەوە، ئایا لەلایەن كەسانی نزیكەوە یان پاسەوانەكانی یان لەلایەن كام لە فەرماندەكانی هێرشی دەكرێتەسەر".
ئەو وتانەی بەرپرسەكەی پەكەكە دوای ئەوەدێت چەندینجار بەرپرسانی توركیا هەڕەشەی ئەوەیانكرد كە هێرش دەكەنەسەر گەریلاكانی پەكەكە لە قەندیل.
"ئەردۆغان لە ترسی مردن دیارنیە لەكوێ دەمێنێت یان لە كوێ ژیان بەسەر دەباتو تەنانەت خواردنیش ناخواتو لەشوێنێك ناوەستێو پشوو نادات، بەو ترسەی خۆی ترس لەسەر هەر كەسێك دروستدەكات و بووەتە رژێمی ترس، كە خۆی لەو دۆخەدایە هەڵدسێتو دەڵێت من پەكەكە لەناو دەبەم"كالكان وای وت.
شەڕی نێوان پەكەكەو سوپای توركیا هاوینی رابردوو دەستیپێكردەوە، ئەوەش دوای وەستانی پڕۆسەی ئاشتی نێوانیان كە ماوەی 2 ساڵ بەردەوام بوو.
ئەندامەكەی دەستەی بەڕێوەبەریی پەكەكە وتیشی"پەكەكە لەساڵی 1983وە كە لەناو شەڕدایەو بە ئەزموونە، بەلام ئەردۆغان 14 ساڵە لەناو شەڕدایەو تا ئێستا چۆن هێرشەكانی حكومەتەكانی توركیا یەك لە دوای یەكی شكستی هێناوە لەمەودواش شكست دەهێنێت".
XANDAN-
