گفتوگۆ له‌باره‌ی پشکی ھەرێم له‌ بودجه‌ی عێراق خراوەتە کۆتایی

گفتوگۆ له‌باره‌ی پشکی ھەرێم له‌ بودجه‌ی عێراق خراوەتە کۆتایی
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لەکۆی ٤٨مادەی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق ٢٣ مادە گفتوگۆی لەسەر کراوە وپێویستە تاوەکو رۆژی چوارشەممە تەواوی مادەکان گفتوگۆی لەسەر بکەن و ئامادەی بکەن بۆ ئەوەی رۆژی پێنجشەممە دەنگی لەسەر بدرێت، وتیشی، ئەومادەی باسی پشکی ھەرێمی کوردستان دەکات خراوەتە کۆتایی گفتوگۆکان، چونکە گفتوگۆی زۆری دەوێت.

حاکم سەرحان سلێڤانەیی بەبەئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند:" لیژنەی دارایی بەردەوامە لەگفتوگۆکردن وئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٧ بەردەوامە وتاوەکو ئێستا لەکۆی ٤٨ مادە ٢٣مادە گفتوگۆی لەسەر کراوە و٢٥مادە ماوە وپێویستە تاوەکو رۆژی چوارشەممە ھەمووی گفتوگۆی لەسەر بکرێت وئامادەی بکەین بۆ ئەوەی رۆژی پێنجشەممە دەنگی لەسەر بدەین، چونکە دواتر پەرلەمان دەکەوێتە ناو پشووی زستانە.

حاکم سەرحان سلێڤانەیی گوتیشی: گفتوگۆکردن لەبارەی ئەومادەی باسی پشکی ھەرێمی کوردستان دەکات دواخرا بۆ کۆتایی گفتوگۆکان، چونکە کاتی زۆری دەوێت بۆ گفتوگۆکردن، بۆیە دواخرا بۆ کۆتایی.

بودجەی 2017 برەکەی١٠٠ترلیۆن دینارە کە ٢١ترلیۆن دینار کورتھێنانە وپشکی ھەرێمی کوردستانیش ١٧%کە زیاترە لە١١ترلیۆن دینار ونرخی یەک بەرمیل نەوتیش بە ٤٢ دۆلار خەمڵێندراوە وبۆ دابینکردنی ئەو بڕە بودجەیەش پێویستە عێراق رۆژانە ٣ملیۆن و٧٥٠ھەزار بەرمیل نەوت لەیەک رۆژ ھەناردەی دەرەوە بکات.
Top