سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د : ئەو دەستپێشخەرییەی لە ئارادایە با بە وەڵامی كرداری پێشوازی گەرمی لێ بكەین

سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د : ئەو دەستپێشخەرییەی لە ئارادایە با بە وەڵامی كرداری پێشوازی گەرمی لێ بكەین


ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان داوا ده‌كات لایه‌نه‌كان كۆتایى به‌ گرژى نێوانیان بهێنن و تیرۆرى دكتۆر هۆشیار بكه‌نه‌ وێستگه‌ى ئاشتبوونه‌وه‌ى نیشتمانى و به‌ده‌م په‌یامه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بچن.



ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان په‌یامێكی به‌بۆنه‌ی كۆتاییهاتنی پرسه‌ی شه‌هید د. هۆشیار بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و له‌به‌شێكیدا هاتووه‌"وێستگەكە و رووداوەكە دەخوازێ دەزگا ئەمنی و پەیوەندیدارەكان زۆر پەلە بكەن لە دۆزینەوەی بكەرانی ئەم تاوانە گڵاوە و دڵی دۆستان شەهید خۆش بكەن و رێگە بە دڵە راوكێ و گومان نەدەن و پەردە لەسەر ئەم تاوانە هەڵماڵن".



هه‌روه‌ها ده‌ڵێ "با ئەم رووداوە بكەینە خاڵێكی وەرچەرخان بۆ پەلەكردن بۆ بەرەو پێشەوە بردنی پرۆژەی رێكخستنەوەی ناوماڵی ئیسلامخوازان كە شەهید یەكێك بوو لە پشتیوان و هەڵگرانی ئەم پرۆژەیەو بەمەش روحی بەوە شاد تر ئەبێت".



له‌ به‌شێكى دیكه‌ى په‌یامه‌كه‌دا، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوودا هاتووه‌" ئەم یەكهەڵوێستیەی هەمووان ئەتوانێ ببێتە سەكۆی لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان و راماڵینی ئەوگرژی و ناكۆكیەی كە باڵی كێشاوە بەسەر دۆخە سیاسیەكەی هەرێم دا و دەرگای گفتوگۆی داخستووە و گشت دەزگا و دامەزراوە شەرعیەكانی هەرێمی پەكخستووە و هەموولایەكی دەستەوسان كردووە لە ئاستی چارەسەردا".



نووسیویه‌تیشی" مادام گشتمان دژ بەم تاوانە تیرۆریستیە وەستاوین دەتوانین خوێنی بە ناهەق رژاوی ئەو پیاوە زانا و ئەكادیمی و دڵسۆزە بكەینە هەوێنی ئاشتبوونەوەیەكی نیشتمانی گشتی هەروەك یەكهەڵوێستی لەبەرانبەر داعشەكانەوە دیمەنێكی جوان و شیاوە".



له‌ كۆتایى په‌یامه‌كه‌شیدا سه‌لاحه‌دین به‌هادین داوایكردووه‌، هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌ده‌م په‌یام و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان مه‌سعوود بارزانییه‌وه‌ بچن.



له‌و باره‌یه‌وه‌ نووسیویه‌تى: تەحەدیات و هەرەشەكانی سەر ئەزمونە سیاسی و فەرمانرەواییەكەمان و ناهەمواری حاڵی قەیرانەكانی ناوخۆ ئەخوازێ لە هەلێك بگەرێین بۆ یەكریزی و یەك هەڵوێستی .. ئەو دەست پێشخەریەی لە ئارادایە با بە وەڵامی كرداری پێشوازی گەرمی لێ بكەین و تیرۆری ئەم پیاوە مەزنە بكەینە هۆكار و پاساوی بریارێكی بێ مەرجی سەركردانە بۆ چارەسەری قەیرانەكە. بەرژەوەندی گشتی ئەزمون و گەل و نیشتیمانەكەمان دەخوازێ هەموولایەكەمان لە هەندێ داوا و خواستەكانی خۆمان دابەزینە خوارەوە.




BAS NEWS-
Top