جبووری: یاسای حەشدی شەعبی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە
سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوای پەسەنکردنی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە باشتربوو یاسای حەشدی شەعبی بە دەنگی هەموو پەرلەمانتاران پەسەند بکرابووایە نەک بە زۆرینەی ئامادەبووان.
سەلیم جبووری هەروەها رایگەیاند، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرماندەیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەکات و دەکرێت هەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر بڕیارەکانی حەشدی شەعبی رێک بکەون.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەیامێکدا بۆ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، هیوای خواست چەکدارانی ئەو میلیشیایانە کارێک یان پەیامێکی وا نەگەیەنێت، کە پەرلەمانتاران لە پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی، پەشیمان ببنەوە.
سەلیم جبووری ئاماژەی بەوەش کرد، کە پێویستە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ژمارەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی یەکلایی بکاتەوە.
بە گوتەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پێویستە هەموو پارێزگایەکی عێراق رێژەیەکی دیاریکراوی لە نێو میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەبێت، ”بەڵام ئەو یاسایە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە“.
رۆژی شەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2016، پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی ئاسایی ئەنجام دا و بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو، پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی پەسەند کرا.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.
چەندین جار هاووڵاتی و سەرکردە سیاسییەکانی پارێزگای نەینەوا بەشداریکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسـڵ رەتکردووەتەوە و پاساویان بۆ ئەو رەتکردنەوەیەش ئەوەیە، کە ئەو چەکدارە شیعانە خەڵکی سوننە بەبێ هۆ دەکوژن.
پێشتر لە کاتی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجەی پارێزگای ئەنبار، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە، کە تێیدا چەکدارە شیعەکان هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب ئازار دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن و سەریان دەبڕن.
باسنيوز
