بڕیاری خەرجکردنی بڕە پارەیەک بۆ مامۆستایانی ھەرێمی کوردستان دەرکرا

 بڕیاری خەرجکردنی بڕە پارەیەک بۆ مامۆستایانی ھەرێمی کوردستان دەرکرا
وەزارەتی پەروەردە ئاشکرای کرد کە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە، بڕە پارەیەکی مانگانە بۆ مامۆستایان زیاد بکات.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی پەروەردە، ئاماژە بەوە دراوە، ئەمڕۆ شەممە 26\11\2016، سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی بە وەکالەت و یەکێتیی مامۆستایان کۆبوونەتەوە و تێیدا بڕیار دراوە: ”مانگانە بڕی 100 ھەزار دینار بۆ مامۆستایانی نێو شار و بڕی 150 ھەزار دینار بۆ ئەو مامۆستایانەی ھاتوچۆی دەرەوەی شار دەکەن، تەرخان بکرێت. ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە ئەو بڕە پارەیە لە لایەن وەزارەتی دارایی و بە پاڵپشتیی پێشنیار و دەستپێشخەرییەکانی پلە باڵاکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەنجومەنی ئاسایش و ڕێکخراوە بیانییەکان و ھەموو ئەو لایەنانەی ئامادەییان بۆ ئەم مەبەستە دەربڕیوە، وەک پاڵپشتیی دارایی بۆ مامۆستایانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابین دەکرێت".

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڵێنیشی داوە لە ھەوڵەکانی دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران لە کاتی خۆیدا بەردەوام بێت، بەتایبەتیش پاش جێبەجێکردنی پرۆسەی تۆمارکردنی مووچەخۆران لە سیستەمی بایۆمەتریی ئەلیکترۆنیدا پاشەکەوتەکانیان دەخرێتە سەر حیسابی تایبەتیی خۆیان وەک ڕەسید.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەشدا داوا لە بەڕێوەبەران و مامۆستایان کراوە: ”بچنەوە ھۆڵەکانی خوێندن و ڕێگە نەدەن زیاتر لە 700 ھەزار منداڵ و قوتابی و خوێندکار لە سنوورەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین لە خوێندن بێبەش بن، چونکە لە 1\12\2016 بە دواوە، مەترسیی گەورە لەسەر پڕۆسەی خوێندن لەو ناوچانە دروست دەبێت کە بە ھیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێتەوە“.














باسنیوز
Top