پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی پەسەند کرا
نزیکەی دوو ساڵە پرۆژەیاسایەک بۆ رێکخستنی میلیشیاکان ئامادە کراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان و ترسی سوننەکان لە میلیشیا شیعەکان، ئەو پرۆژەیاسایە دەنگی لەسەر نەدەدرا.
رۆژی شەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2016، پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی ئاسایی ئەنجام دا و بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو، پرۆژەیاسای میلیشیاکانی حەشدی شەعبی پەسەند کرا.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.
چەندین جار هاووڵاتی و سەرکردە سیاسییەکانی پارێزگای نەینەوا بەشداریکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسـڵ رەتکردووەتەوە و پاساویان بۆ ئەو رەتکردنەوەیەش ئەوەیە، کە ئەو چەکدارە شیعانە خەڵکی سوننە بەبێ هۆ دەکوژن.
پێشتر لە کاتی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجەی پارێزگای ئەنبار، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە، کە تێیدا چەکدارە شیعەکان هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب ئازار دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن و سەریان دەبڕن.
باسنيوز
