یەکگرتوو هەوڵی کۆکردنەوەی لایەنەکان دەدات
خەلیل ئیبراهیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان، مامۆستا سەلاحەدین ئەمینداری یەکگرتوو پەیوەندی بە حیزبەکانەوە کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، لە بەرامبەریشدا حیزبەکان ئامادەییان نیشانداوە.
خەلیل ئیبراهیم گوتی: "یەکگرتوو لە رێگەی راگەیێندراوێکەوە ئامادەیی بۆ دانوستاندن و گفتوگۆکان دەربڕیوە، جگە لە هەوڵە کەسییەکانی مامۆستا سەلاحەدین، وەکو حیزبیش هەوڵدەدەین بۆ کۆکردنەوەی حزبەکان".
ئەو ئەندامەی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو ئاماژە بەوەشدەکات:" تاوەکو ئێستا کاتێک دیارینەکراوە بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان، بەڵام بە گشتی هەڵوێستی سەرجەم حیزبەکان ئەرێنییە و ئومێدێک بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ هەیە".
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 20-11-2016 پەیامێکی لەبارەی چارەسەری قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "چارەسەری قەیرانی سیاسیی هەرێم بەمشێوەیە دەكرێت كە حیزبەكان بكەونە گفتوگۆ، پەرلەمان كارابكرێتەوە و سەرۆكایەتییەكی تازە بۆ پارلەمان هەڵبژێردرێت.
لەدوای پەیامەکەی بارزانی هەریەکە لە کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی ، پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی ئامادەییان دەربڕیوە بۆ کۆبوونەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە فەرمی هەڵوێستی خۆیان رانەگەیاندووە.
رووداو-
