لە مهاباد لە دوو هەفتەدا 8 بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون

لە مهاباد لە دوو هەفتەدا 8 بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون
دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری مەهاباد حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشتی بەڕێوە برد.



بەپێی هەواڵی ئاژانسی کوردپا، دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێران لە مەهاباد، هاووڵاتییەکی کوردی بەناوی جەمشید تەهامی، لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد لەسێدراە درا.



جەمشید تەهامی خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە، کە لە ساڵی 2014ەوە بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر لەلایەن دادگای شاری مەهابادەوە لە زیندان ڕاگیراوە.



لە کاتی دادگایی وردەکارییەکانی دۆسیەی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نەبووە.



بە گوتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە ئێعدام کراوە، لە کاتی دادگایی کردنیدا هەموو ئەو تاوانە وەپاڵدراوەکانی رەت کردبووەوە.



دە ڕۆژ لەمەوبەریش بەرپرسانی زیندانی "دەریا"ی ورمێ حوکمی سێدارەی 5 هاووڵاتیی کوردی بە ناوەکانی "کەرەم قولی زادە، مەحکووم ئیژەک - کوڕی کازم، عارف ئیسمائیلی، فایەق(فەرۆخ) عابدی و جەواد ئەسغەری" بەڕێوە برد.



هەروەها لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا، دەزگای دادوەریی ئێران حوکمی سێدارەی سێ هاووڵاتی دیکەی کوردیان لە شارەکانی قەزوێن و قوروە بەڕێوە بردبوو.



لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، ئەمە ٨ەمین حاڵەتی سێدارەی هاووڵاتییانی کوردە کە لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەڕێوە دەچێت.









باسنیوز
Top