خانه‌واده‌ی مامۆستا وشیار: دژی ئه‌و لایه‌ن و كه‌ناڵانه‌ین كه‌ به‌ نیازن خوێنی مامۆستا بۆ مه‌رامی حزبی خۆیان به‌كار بهێنن و دۆسیه‌كه‌ به‌لاڕێدا ببه‌ن

 خانه‌واده‌ی مامۆستا وشیار: دژی ئه‌و لایه‌ن و كه‌ناڵانه‌ین كه‌ به‌ نیازن خوێنی مامۆستا بۆ مه‌رامی حزبی خۆیان به‌كار بهێنن و دۆسیه‌كه‌ به‌لاڕێدا ببه‌ن
برای مامۆستا وشیار داوا دەکات خوێنی براكەی لە ململانێی سیاسی بەكارنەهێندرێت و دەڵێت: "لە سەر راسپاردەی جەنابی بارزانی ئێستا كاری لەپێشینەی دەزگاكانی ئاسایش لە هەولێر بووەتە دۆزینەوەی ئەو بكوژانە". هەروەها دەڵێت: "بکوژەکەمان لە ئاسایش لە كامێرای چاودێری بینیوە".

رۆژی پێنجشەممە 24-11-2016 لە سەر بانگهێشتی ئاسایشی هەولێر هەر یەك لە هاوژین و برای مامۆستا وشیار ئیسماعیل سەردانی ئاسایشیان كرد.

دیار گۆران، برای مامۆستا وشیار ئیسماعیل رووداوی راگەیاندووه‌:" لە سەر بانگهێشتی ئاسایش من و هاوسەری مامۆستا وشیار سەردانمان كردن و لەوێ‌ گرتەی ڤیدیۆیی ئەو تاوانبارەیان پیشانداین كە لە رێگای كامێرای چاودێرییەوە تۆماركراوە كاتێك مامۆستای برامان شەهید دەكات، بەڵام لە پێناو سەلامەتی رێڕەوی لێكۆڵینەوە و دۆزینەوەی تاوانباران و پلان دارێژرەران ناتوانین هیچ زانیارییەكی دیكە ئاشكرا بكەین".

دیار گۆران گوتی:" برادەرانی ئاسایش بەڵێنیان پێداین هەرچی توانای خۆیان هەیە دەیخەنەگەڕ بۆ دۆزینەوەی بكوژەکە و ئەوانەی پیلانشیان داڕشتووە، پێیان گوتین مامۆستا وشیار بەس لە ئێوە نەڕۆیشتووە لە ئێمەش رۆیشتووە، لە سەر راسپاردەی جەنابی بارزانی ئێستا كاری لەپێشینەی دەزگاكانی ئاسایش لە هەولێر بووەتە دۆزینەوەی ئەو بكوژانە".

برای مامۆستا وشیار ئیسماعیل ئاماژە بەوە دەكات "شەوی تیرۆركردنی براكەی هیچ تیمێكی ئاسایش نەخەتوون و هەموویان سەرقاڵی دۆزینەوەی بكوژەکەبوون، گەڕاوون بەدوای كامێرای چاودێری ماڵان و شەقامەكان". دەڵێ‌: "ئەوەی مامۆستا وشیاری شەهید كردووە كەسێكی زۆر شارەزایە بۆیە ئاسایش دەیانەوێ‌ بكوژی راستەقینەو پیلاندارێژەران بدۆزنەوە، وەڵامێكی دڵنیایی بداتە ئێمەو خەڵكی كوردستان".

دیار گۆران داوا دەكات خوێنی براكەی لە ململانێی سیاسی بەكارنەهێندرێت و دەڵێت‌: "رەخنەمان لە هەندێك كەناڵ هەیە وتارەكەی مامۆستای شەهیدی برامان دووبارە بەبێ‌ ئاماژە كردن بە رۆژەكە بە مەبەستی سیاسی پەخشی دەكەن، ئومێدمان وایە خوێنی مامۆستا وشیار ببێـتە هەوێنی ئاشتی و پێكەوەژیان و چارەسەری كێشەكانی ئەم وڵاتە، داواكارین لە سەرجەم حیزبەكان بە لایەنگرانیشیانەوە هاوكاری دەزگا ئەمنییەكان بن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران".

"ئێمه‌ بريندارين، تكا له‌ هه‌ندێك كه‌ناڵ و راگه‌ياندكاره‌كان ده‌كه‌ين به‌تايبه‌تى كه‌ناڵه‌ ئاسمانييه‌كان، له‌ ئێستادا كه‌ ئێمه‌ بريندارين ره‌چاوى بارودۆخى ئێمه‌ ناكرێت، خه‌ريكه‌ ئه‌م كه‌يسه‌ى دكتۆر وشيار به‌لاڕيدا ببردرێت و ببێته‌ دژى يه‌كتر، ئێمه‌ به‌هيواى ئه‌وه‌ بووين كه‌ خوێنى دكتۆر وشيار ببێته‌ هه‌وێنى ئاشتى و لايه‌نه‌كان له‌يه‌كتر نزيك ببنه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ هه‌واڵ و راپۆرت دروست ده‌كرێت، مێژووى به‌ر له‌شه‌ش مانگ ده‌هێننه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى له‌سه‌رى بنووسرێ ئه‌رشيف، دوور له‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كانى رۆژنامه‌وانى له‌گه‌ڵ راپۆرته‌كه‌ دايده‌نێن، دژى حزبێكى ديكه‌ به‌كارى ده‌هێنن".

دكتۆر وشیار ئیسماعیل مسته‌فا، بانگخوازی مامۆستایی ئایینی، له‌ دایكبووی 1976ی گوندی به‌رده‌ڕه‌شه‌ له‌ ساڵی 1999 بڕوانامه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌رگرتووه‌، ساڵی 2003 كۆلێژی شه‌ریعه‌ی ته‌واوكردووه‌، دواتر بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له‌ ساڵی 2007 و بڕوانامه‌ی دكتۆراشی ل 2013 به‌ده‌ستهێناوه‌.

HAWLER-
Top