سەرۆک بارزانی بۆ بی‌بی‌سی ی فارسی: ئێران و حزبە کوردییەکان کێشەکانیان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن

سەرۆک بارزانی بۆ بی‌بی‌سی ی فارسی: ئێران و حزبە کوردییەکان کێشەکانیان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن

پەیامنێری بەشی فارسیی تۆڕی هەواڵی بی بی سی، گفتوگۆیەکی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و لە هەواڵێکی کورتدا رایگەیاندووە دەقی گفتوگۆکە رۆژی سێ‌شەممەی داهاتوو لە بەرنامەی "بەعبارتی دیگر"ی بەشی فارسی تەلەفزیۆنی بی‌بی‌سی یەوە بڵاو دەبێتەوە.



بەپێی هەواڵەکەی بی‌بی‌سی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: کێشەی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و حزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەت بە شەڕ چارەسەر نابێت و دەبێ لە رێگەی ئاشتیانە و بە دانووستان چارەسەر بکرێت.

سەرۆک‌بارزانی لە گفتوگۆکەدا کە لەگەل نەفیسە کوهنەوەرد ئەنجامی داوە، رایگەیاند: دەمهەوێ جەخت لەسەر ئەمە بکەمەوە کە هیچ ئامانجێک بە هۆی شەڕکردنەوە بەدەست نایەت. هەر بەم هۆیەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران و گروپەکانی دیکە دەبێ پێکەوە گفتوگۆ بکەن و بە چارەسەرێکی ئاشتییانە بگەن.

سەرۆک بارزانی سەبارەت بە یارمەتییەکانی ئیران لە شەڕی دژ بە داعشدا سوپاسی ئێرانی کرد و رایگەیاند: پێی باشە پێوەندییەکی ئاسایی لەگەڵ ئێراندا هەبێت و گوتیشی، ئەوان خۆیان بە بەرپرسی سیاسەتی حزبەکوردییەکانی دیکە نازانن و ناتوانن بیروبۆچوونی خۆیان بەسەر ئەواندا بسەپێنن.

مەسعوود بارزانی لەبارەی جیاوازیی بۆچوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوگروپانەی وەک پەکەکە کە لەخاکی هەرێمی کوردستانن، رایگەیاند: من پێموایە نابێ هیچ شەڕێک لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا رووبدات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی داهاتووی عێراقیشەوە بە بی‌بی‌سی گوت: عێراق ئیدی ناتوانێ بۆ دواوە بگەڕێتەوە و سەردەمی حکومەتی ناوەندیی بەهێز لە ئێراق کۆتایی پێهاتووە.

هەر لەم گفتوگۆیەدا کە رۆژی سێ شەممە لە بەرنامەی "بە عبارت دیگر"ی بی بی سی بڵاو دەکرێتەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگیری ریفراندۆمی سەربەخۆێی کوردستانی کرد و گوتی: ئێستا عێراق بووەتە چەند پارچە و ئەمەش هیچ تاوانی من نییە.

هەر لەم گفتوگۆیەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئێمە دەتوانین لەگەڵ حکومەتی عێراقدا دوو برای باش بین، بەڵام ماڵەکانمان جیا بکەینەوە.

سەبارەت بە داعشیش گوتی: داعش دوای شەڕی مووسڵ کۆتایی نایەت و هێزی وەک داعش لە داهاتوودا بە رەنگ و ناوی دیکەوە دەگەڕێنەوە.

PAYAMNER-
Top