لایەنەکانی باشووری کوردستان لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا رای جیاوازیان هەیە

لایەنەکانی باشووری کوردستان لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا رای جیاوازیان هەیە
لایەنەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا رای جیاوازیان هەیە و بەشێکیان پێیانواییە لەرابردوودا عێراق نەیتوانیووە دەستوور جێبەجێ بکات و مافە دەستوورییەکانی کورد بدات، بۆیە پێویستە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی قۆناخی دوای فیدراڵییەت بکرێت.

حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەمیانی گوتاری هەفتانەیدا کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 22-11-2016 لە شاری كەربەلا پێشکەشیکرد، رایگەیاند كە پلانێكیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی یەكگرتوو لە چوارچێوەی یەك وڵاتدا.

عەبادی رایگەیاند، "دەمانەوێ‌ قەوارەیەکی هاوبەش دروستبكەین لە چوارچێوەی عێراقدا كە یەك دەوڵەتی یەكگرتوو بێت". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو کارە بەرزترین هاوئاهەنگی دەوێت و كارێكی ئاسان نییە".

هاوکات عەبادی لەگوتارەکەیدا، جەختی لەوەکردەوە کە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە.

لە هەرێمی کوردستاندا بۆچوونەکان لەبارەی قۆناخی داهاتوو و پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا جیاوازە، بەشێک پێیانوایە لە رابردوودا عێراق نەیتوانیووە دەستوور جێبەجێ بکات، بۆیە دەبێت لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی قۆناخی دوای فیدراڵییەت بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆچوونی وایە هەرێمی کوردستان و عێراق پێکەوە دەتوانن باشتر کاروباری وڵات بەڕێوە ببەن و هاوئاهەنگبن.

لە 13 ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەوراز و نشێوی زۆریان بەخۆوە بینیوە، بەڵام هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان هاوڕان کە دەبێت پەیوەندییەکان بەشێوازێکی نوێ دابڕێژرێنەوە، ئەوەش بە هێنانەکایەوەی رێککەوتنێکی نوێ، یان سەربەخۆیی.
RUDAW -
Top