ئاسایشی هەولێر ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە
بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوە ، ئاماژە بەوە دراوە، شەوی 22 لەسەر 23\11\2016، لە گەڕەکی بەهار لە شاری هەولێر، تەقە لە د. وشیار ئیسماعیل، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی (عومەر بندیان) لە ماڵەکەی خۆیدا کراوە و بریندار کراوە، پاشان لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر گیانی لەدەست داوە. دووپاتیشی کردووەتەوە: ”د. وشیار زانایەکی ئایینی و کەسایەتییەکی ناسراوی شاری هەولێر بوو“.
هەر بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، ئاسایشی هەولێر ئاشکرای کردووە: “بە ئامانج کردنی د.وشیار ئیسماعیل، کردەوەیەکی تێکدەرانە و نەخوازراوە و ئامانج لێی تێکدانی ئارامی و سەقامگیریی پایتەختە”.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، لەگەڵ دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکە، زۆر بە وردی لێکۆڵینەوەیان لەم ڕووداوە دەست پێ کردووە، “لە داهاتووشدا هەموولایەک لە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاگادار دەکەینەوە”.
باسنیوز
