سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی ئه‌نجومه‌نی پیرانی فه‌ڕه‌نسا كۆبوونه‌وه‌

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی ئه‌نجومه‌نی پیرانی فه‌ڕه‌نسا كۆبوونه‌وه‌




له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان شاندێكی ئه‌نجومه‌نی پیرانی فه‌ڕه‌نسا پشتگیریی خۆیان بۆ چارەسەركردنی دۆزی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕێگەی دیموكراسی و ئاشتیانە نیشان دا.

ماڵپه‌ری فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە (22-11-2016) نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی ئەنجومەنی پیرانی فرەنسا بە سەرۆكایەتی بێرنارد كازوا ئەندامی ئەنجوومەنەكە كرد.



لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان و ئەو پێشوازییە گەرمەی كە لێیان كراوە، دەربڕی و هەوڵ و هەنگاوەكانی خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستانیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و پاراستنی هەموو پێكهاتەكان و پێشوازیكردن لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر، بەرز نرخاند. باسیان لەوەش كرد كە هەرێمی كوردستان توانیویەتی ئەو پرەنسیپە هاوبەشانەی كە لە نێوان هەرێم و جیهانی ئازاددا هەن كە خۆی لە بەها مرۆییەكان دەبینێتەوە، زۆر بەباشی بپارێزێت.



خۆشحاڵیی خۆشیان بە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدرال بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ دەربڕی و هیوایان خواست هەموو كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە ڕێگەی لێكگەیشتنەوە چارەسەر بكرێن، هەروەها پشتگیریی خۆیان بۆ چارەسەركردنی دۆزی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕێگەی دیموكراسی و ئاشتیانە نیشان دا.



لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییەكانی فرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان كرد بەتایبەتی لە بوارەكانی سەربازی و مرۆییدا و سەردانی فرانسوا ئۆلاند سەركۆماری فرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان لە سەرەتای هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر هەرێم، بە پشتگیرییەكی باشی بۆ خەڵك و پێشمەرگەی كوردستان لە قەڵەمدا. ئاماژەی بەوەش دا كە ئەو سەركەوتن و بەرگرییەی پێشمەرگە لە دژی تیرۆرستانی داعش كردوویەتی، پاراستنی بەهاكا مرۆیی و ئازادییەكانە، چونكە تیرۆرستانی داعش دژی هەموو جیهانن بۆیە پێویستە هەوڵ بدرێت بە یەكجاری لەناو ببرێن و بنبڕ بكرێن.



لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێزیان باسی لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی مووسڵ و قۆناغی دوای ئازادكردنی كرد و بەپێویستی زانی سیاسەتێكی هەمەلایەنە بۆ بنبڕكردنی هزری داعش لە عێراق و ناوچەكەدا هەبێت. ئاشكراشیكرد كە هەولێر هەمیشە ئامادەبووە سەرجەم كێشە هەڵواسراوەكان لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكات و لە داهاتووشدا گفتوگۆكان چڕتر بكاتەوە بۆئەوەی ئاسایش لە ناوچەكەدا جێگیر ببێت بەشێوەیەك بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد تێیدا پارێزراو بن.

ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا دەربارەی دوا پێشهاتەكانی ڕەوشی ناوچەكە بەگشتی و چەند بابەتێكی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
BAS NEWS-
Top