فهرماندهیهكی پێشمهرگه: دوای كۆنترۆلكردنهوهی حهویجه پێشمهرگه لهو ناوچانه ناكشێتهوه
بەرپرسی میحوەری باشووری کەرکووکی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان رای دەگەیەنێ، کوردستان و عێراق رێک کەوتوون بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە و بەپێی رێککەوتنەکە پێشمەرگە لە حەویجەدا دەمێنێتەوە، ئاماژە بەوەش دەدا پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی نەماوە و ھەموومان پێشمەرگەی کوردستانین.
وەستا رەسووڵ، فەرماندەی یەکێتی و بەرپرسی میحوەری باشووری کەرکووکی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، چەند زانیارییەکی تایبەت لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی قەزای حەویجە ئاشکرا دەکات و رای دەگەیەنێ، بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە رێککەوتن لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە چاودێریی ھاوپەیمانان واژۆ کراوە.
گوتیشی: "بە لای ئێمەوە ھەموو حەویجە کوردستانە و لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠دایە، ھەر شوێنێکیش لە چوارچێوەی ئەو ماددە دەستوورییەدا بێت ئەوا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق بۆیان ھەیە بڕۆنە ناوی، ئێمە تا حەمرین بە کوردستان دەزانین و پێشڕەویی بۆ دەکەین".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، لەو رێککەوتنەی کە کراوە لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بە ھیچ شێوەیەک باس لە کشانەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە نەکراوە، گوتیشی: "جووڵەی پێشمەرگە لەو سنوورانە بەتەواوی لەژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی فەرماندەی فەرماندەیی گشتیی ھێزی پێشمەرگەی کوردستاندایە و لە لای ئێمەوە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی حەفتا، سەرپەرشتیاری گشتییە و ئێمەش وەکو بەرپرسی میحوەرەکان ھاوکاری ئەوین و فەرمانەکان جێبەجێ دەکەین".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئێستا بەتەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستاندایە و ھەردوو یەکەی حەفتا و ھەشتا فەرمان لەو وەزارەتەوە وەردەگرن، گوتی: "ھیچ ھێزێک بە ناوی پێشمەرگەی یەکێتی و پارتی نەماوە و ھەموومان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانداین و بەیەکەوە ھاوسەنگەرین بۆ رووبەڕووبوونەوە لە شەڕی داعش و خوێنمان تێکەڵی یەکتری بووە، تەنانەت ھێزی پێشمەرگەی کوردستان توانیویەتی دۆخی ناو ھەرێمی کوردستانیش رابگرێ، شانازی بەوە دەکەین کە ئێستا یەکێتیبوون و پارتیبوون لەناو پێشمەرگەدا نییە و ھەموومان تەنیا پێشمەرگەی کوردستانین".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئاشکراشی کرد، ئەو رێککەوتنەی کە کراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە بە چاودێریی ھاوپەیمانان بووە، گوتی: "ھیچ رێککەوتنێکی سەربازی بە بێ چاودێریی ھاوپەیمانان، یان بێ ئاگاداریی ئەوان ناکرێ، چونکە دەبێت ھاوپەیمانان ئاگایان لە جموجۆڵی ئۆپەراسیۆنەکە بێت، تا پشتیوان و ھاوکاری بن".
payamner-
