وەزارەتی بەرگری عێراق: لە 24 كاتژمێری رابردوودا 123 چەكداری داعش لەسنوری موسڵ كوژراون

وەزارەتی بەرگری عێراق: لە 24 كاتژمێری رابردوودا 123 چەكداری داعش لەسنوری موسڵ كوژراون


وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند، 123 چەكداری داعش لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا كوژراون لەئاكامی هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپا لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی موسڵدا.

وەزارەتەكە لەبەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردۆتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراق 22 هێرشی ئاسمانییان لەمیحوەری خۆرئاوای موسڵ ئەنجامداوەو "لەئاكامدا 47 چەكداری داعش لەدەوروبەری فڕۆكەخانەی تەلەعفەر كوژراون، لەمیحوەری پۆلیسی فیدراڵیش 10 چەكداری تر كوژراون و 4 مۆڵگەش خاپور كراون".

ئەوەشی خستوەتەڕوو "12 چەكداری داعش لەئاكامی هێرشی ئاسمانی فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق لەگوندی عومەر كان لەباكوری شوێنەواری نمرود كوژراون، جگە لەوەی 30 چەكداری تر لە گوندی خزر ئەلیاس‌و 24 چەكداری تر لەگوندی بشتاڵیەو میحوەری خۆرهەڵاتی موسڵ كوژراون".

17ی مانگی رابردوو، ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی‌ موسڵ دەستیپێكردو لەئێستادا هێزە عێراقییەكان گەیشتوونەتە ناو شارەكەوە.



ئۆپەراسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنەوەی‌ موسڵ بەگەورەترین هێرشی زەمینی ئەژماردەكرێت لەدوای شەڕی ئەمریكا لەساڵی 2003، چاوەڕوانیش دەكرێت شەڕی موسڵ بڕیار دەربێت لەسەر چارەنووسی ئەو خەلافەتەی لەماوەی دووساڵی رابردوودا لەلایەن رێكخراوی داعشەوە راگەیەندرا.

كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ (دووەم گەورە پارێزگای عێراق) شكستێكی گەورە دەبێت بۆ رێكخراوی داعش‌و خەلافەتەكەی كە دووساڵ لەمەوبەر و لەیەكێك لەمزگەوتەكانی ئەو شارە لەلایەن ئەبوبەكر بەغدادی-یەوە راگەیەندرا.
XANDA-
Top