"هەر شوێنێك كوردستانی بێت هێزی پێشمەرگە لێی دەمێنێتەوە"

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، هێزەكانی پێشمەرگە بەپاڵپشتی هاوپەیمانان توانییان ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش ئازاد بكەن، دوایین پێشڕەویشیان لە شەڕی مووسڵ بوو، كاتێك پلانەكانی خۆیان لە چەند رۆژێكدا جێبەجێكرد. سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەیش دەڵێ: لێدانی خەندەق لەو ناوچانەی هێزی پێشمەرگە ڕزگاری كردوون سنوور نیە، بەڵكو بۆ پاراستنی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەیە لە هاتنی تیرۆریستانی داعش، لەگەڵ ئەوەی هەر شوێنێك كوردستانی بێت هێزی پێشمەرگە لێ دەمێنێتەوە. فەرماندەی لیوای حەوتی پیادەی هێزی پێشمەرگەیش رایگەیاند، ئازادكردنی شاری مووسڵ لە هەموو رووێكەوە گرنگی خۆی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان.


فەریق جەمال ئێمینكی، سوپاسالاری پێشمەرگە، بۆ "هەولێر" گوتی: زۆربەی زۆری خاكی پیرۆزی كوردستان لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار كراوە، تەنیا هەندێك شوێن لە باشووری شنگال ماون، ئەویش هەر كاتێك سەرۆك بارزانی فەرمان بكات، ئەو شوێنانەیش ئازاد دەكرێن، ئەگەرنا هەموو شوێنەكانی دیكە ئازاد كراون، كە دەكەونە سنووری كوردستان.


گوتیشی: ئەو خەندەقەی كە پێشمەرگە دروستی کردوون لەو ناوچانەی ئازادکراون بۆ پارێزگاریكردنە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە و بۆ دیاریكردنی سنوور نییە، ئێمە ئەو كارە دەكەین بۆ ڕێگریكردنە لە تیرۆریستان و دەربازبوونی ئۆتۆمبێلی ئەوان كە بۆپاراستنی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەیە كە لەسەرتاسەری لێ دراوە و ئێستا لە باشووری شنگالیش خەندەق لێ دراوە، بەڵام هێشتا كۆمەڵگە ماون ڕزگار بكرێن، ئەمە مانای ئەوە نییە كە ئەو شوێنانە بەجێ دێڵین، ئەو خەندەقەی لێدراوە بۆ ئەوەیە هێزی پێشمەرگە خۆ لە كردەوە خۆكوژییەكانی تیرۆریستان بپارێزێت، كە هەر شوێنێك هێزی پێشمەرگە چوو بێتە پێشەوە خەندەق و ساتری لێداوە.


روونیشیكردەوە، هەر شوێنێك كوردستانی بێت هێزی پێشمەرگە لێ دەمێنێتەوە، هەر شوێنێك كوردستانی بێت و كورد نشین بێت، ئەوە بە خوێن ڕزگار كراوە، بە تەئكید هێزی پێشمەرگە لەو شوێنانە دەمێنێتەوە، كە ئەوە داوای خەڵكی ئەو ناوچانەشە.


فەریق جەمال ئیمنیكی، گوتی: داعش كاولكاری لە دوای خۆی بەجێهێشتووە، بەتایبەتی لە باشیك و دەوروبەری، زۆر كاولكاری تێدا چێ بووە، چونكە ئەو شارە، شاری پێكەوە ژیان بووە، داعش دەستی بۆ مزگەوت و كەنیسە و شوێنەكانی دیكەی بردووە، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی زۆری خانووەكان تێكدراون و تەقێنراونەتەوە، ئەوانەی ماون بۆمبڕێژكراون، هەر لەبەر ئەوەشە نەمانهێشتووە تا ئێستا خەڵكی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆ ئەوەی لە كاتی گەڕانەوەدا تووشی هیچ كێشەیەك نەبن، بۆیە تا ناوچەكە لە پاشماوەی داعش پاك نەكرێتەوە لێ ناگەڕێین خەڵك بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی، چونكە زۆرجار خەڵك گەڕاوەتەوە شوێنە ئازاد كراوەكان و تووشی زیانی گیانی و ماددی بووەتەوە، هەر لەبەر ئەوەیش تا ئێستا نەمان هێشتووە خەڵكی ناوچەكە بگەڕێتەوە.


سەبارەت بە گرنگی ئازادكردنی شاری مووسڵ بۆ هەرێمی كوردستان سوپاسالاری پێشمەرگە، رایگەیاند، ئازادكردنی شاری مووسڵ لە زۆر روویەوە گرنگی خۆی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان، هەر كاتێك ئەو شارە هەڕەشەی لەسەر بێت و بكەوێتە دەستی هەر لایەنێكی تیرۆریستی، هەڕەشەیە بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئەوە لەرووی ئەمنییەوە، لەرووی ئابووریەوە، خەڵكی دەوروبەری مووسڵ و هەتا ناو شاری مووسڵ هەموو ئاوارە بوونە بۆ هەرێمی كوردستان، كە ئێستا خەڵكی شاری دهۆك دوو بەرامبەر زیاد بووە، ئەوەیش بووەتە بارگرانی لەسەر هەرێمی كوردستان.


لیوا بەهرام عەریف یاسین، فەرماندەی لیوای حەوتی پیادەی هێزی پێشمەرگە بە "هەولێر"ـی گوت: بارودۆخی باشیك لە رووی سەربازییەوە 100% لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەدایە، هیچ مەترسیەك لەسەر ناوچەكە نەماوە، بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لەناوەراستی شارەكە نیشانەی ئەوەیە كە ئەو ناوچانە كوردستانینە و كەوتوونەتە دەست هێزی پێشمەرگە و ژیان و ئاوەدانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە. ئەوەشی دركاند، پاشماوەی داعش لەناوچەكە، بەتایبەتی بۆمبڕێژكردنی خانوو و گەڕەكەكان، هەتا دەوروبەری باشیك كە ئەوە كاتێكی زۆری دەوێت تا خاوێن دەكرێنەوە، هەر لەبەر ئەوەیش پێویستە خەڵكی ناوچەكە ئاگادار بن، ئێمە وەك لیژنەی ئەمنی لەناوچەكە 10 رۆژمان داناوە كە تیمەكانی ئێمە ناوچەكە خاوێن بكەنەوە، پاشان دەرگای شارەكە بەڕووی هاووڵاتیانی شارەكە بكرێتەوە و ئەو كات دەتوانن بە ئازادی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.


لیوا بەهرام عەریف یاسین، ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، ئازادكردنی شاری مووسڵ، لە رووی ئەمنی و ئابووری و سیاسی بۆ هەرێمی كوردستان گرنگی خۆی هەیە، لە بواری ئەمنی هەر لە شنگال بگرە تا دەگەینە مەخموور و ناوچەكانی دیكە ئەگەر تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ بمێنەوە مەترسی دەبن بۆ سەر هەرێمی كوردستان، لە رووی ئابوورییەوە، مووسڵ شارێكە نزیكەی 2 ملیۆن كەس تێدا دەژین، هاتوچۆیەكی زۆر لەسەر ئەو شارەیە و دەروازەیەكە بۆ جموجۆلی بازرگانی، كە ئەوە لەرووی ئابووری كاریگەری خۆی لەسەر هەرێم دەبێت و ئابووری هەرێم دەبووژێنێتەوە، هەتا لەرووی سیاسییەوە، مووسڵ شارێكی فڕە پێكهاتەیە و زۆر نەتەوە لەو شارە دەژین، بۆ ئێمە داهاتووی ئەو شارە و چۆنیەتی ئیدارەدانی ئەو شارە زۆر گرنگە، كە چاوەڕوان دەكرێت دوای ئازادكردنی ئەو پارێزگایە، دابەش بێت بۆ چەند پارێزگایەكی دیكە، ئەوەیش هەرێم بەرەو سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی دەبات، بۆیە ئازادكردنی شاری مووسڵ لە هەموو رووێكەوە گرنگی خۆی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان.


فەرماندەی لیوای حەوتی پیادەی هێزی پێشمەرگە، زیاتر دەڵێ: لە میحوەری باشیك داعش تووشی زیانێكی زۆر بووە لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە، كە هەرچی تیرۆریست لەناو باشیك و دەورووبەری ئەو شارە هەبوو هەموویان لەناو براون، كە ئەوەیش هۆكار بووە بۆ ئەوەی داعش خۆ لەبەر سوپای عێراق نەگرێت و رۆژ بۆ رۆژ بەرەو دواوە پاشەكشە بكات".
hawler-
Top