فەرماندەیەکی پێشمەرگە: داعش تەنھا یەک رێگای ماوە بۆ چوونە سوریا
فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری شنگال دەڵێت، تیرۆرستانی داعش ورەیان رووخاوە ولەئێستادا تەنھا یەک رێگایان ماوە بچنە سوریا ئەویش لە رێگەی بەعاجەوەیە.
عەمید "ھەکار نەھێلی" بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: "داعش ھەندێک جار بۆ سەلماندنی بوونی خۆیان ھاون ئاراستەی ھێزی پێشمەرگە دەکەن، گەر نا زۆر لاواز و بێھێز بوونە و ورەشیان رووخاوە و وەکو پێشوو نەماون، چونکە ھێزی پێشمەرگە بەوپەڕی ورەبەرزیەوە لە سەنگەرەکانی بەرگریدایە و جارێکی دیکە رێگە نادات داعش لە خاکی کوردستان نزیک بێتەوە."
عەمید ھەکار نەھێلی گوتی: حەشدی شەعبی باس لەوەدەکات کە رێگای داعش لەنێوان عێراق و سوریایان بڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە ناوچەی بەعاج داعش ھاتوچۆ دەکات لەنێوان عێراق و سوریا و ئەو رێگایە ھەر ماوە.
نەھێلی باسی لەوەشکرد: ئەگەر ئەو رێگایە کۆنترۆڵ بکرێت چیتر داعش ناتوانی لە موسڵ و ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی ئەوان دایە ھاتوچۆ بۆ سوریا بکەن و رێگاکەیان بەتەواوەتی لێ دادەخرێت.
payamner-
