سەرکردەیەکی پارتی: لەنێو گۆڕاندا باڵی عێراقچییەکان هەن
ئەمڕۆ سێشەممە 15\11\2016، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: "کاتی خۆی ئەو نھێنییە لە ناو یەکێتی بڵاو بوویەوە کە چەند سەرکردەیەکیان داوای بڕینی قووتی خەڵکی کوردستانیان کردووە، لەناویاندا عادل موراد و لەتیفی شێخ ڕەشید، هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کە زیاتر پێیان دەڵێن باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی، بۆیە مالیکی نازانێت چۆن خۆی لەو تاوانە ڕزگار بکات، پێشووتر لە نووسینگەی خۆیان لێدوان لەسەر ئەوە دراوە کە چەند سەرکردەیەکی یەکێتی داوای بڕینی قووتی خەڵکی کوردستانیان کردووە".
قسەکانی عەلی عەونی دوای ئەوە هات کە مالیکی ڕەتی کردبووەوە، لەلایەن ئەو سەرکردانەوە داوای بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان کرابێت. ئەو سەرکردەیەی پارتی دەشڵێت: ”مالیکی دەیەوێت بەم ڕێگایە خەڵک لە دژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاپەڕێت، نەک بە مووچە، بەڵکو بە ھاندان و دەست لەپشتدانی گۆڕان و باڵێکی یەکێتی، دەیەوێت دۆخی کوردستان ئاڵۆز بکات و ھەوڵەکانیشی توندتر کردووەتەوە".
ئەوەشی ئاشکرا کرد: "لەناو بزووتنەوەی گۆڕان کەسانێک ھەن کە باڵی عێراقچییان پێ دەگوترێت، ئەوان تەنیا داوای مووچەکانیان لەبەغدا دەکەن، داوای هیچی دیکە ناکەن، لە بەغدا ئارامی شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانیان ڕووتکردەوە، ئینجا دووبارە بۆ بەغدا گەڕاوەتەوە، ئێستا مالیکی دەیەوێت کارێک بکات، تاکو ئاژاوە بکەوێتە کوردستان".
باسنیوز
