عەبدوڵای کوێخا موبارەک: میدیای گۆڕان بووەتە مینبەرێک بۆ بەخشینەوەی قسەی نەشیاو
ئەمڕۆ سێشەممە 15\11\2016، عەبدوڵای کوێخا موبارەک، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و بەرپرسی مەکۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕان، لە نووسینێکیدا کە بە ناوی (گۆڕانێکی مۆدێرن و میدیایەکی بێ ئەتەکێت و میزاجی)، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”ئێستا میدیای گۆڕان بووەتە مینبەرێک بۆ بەخشینەوەی قسەی نەشیاو و نادروست و بە ئامانجگرتنی دەسەڵات بە ناوی بنەماڵە و خەڵکی نەخوێندەوار، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی هەست و نەستی کۆمەڵگە بکات کە بەشی هەرە زۆری خەڵکی نەخوێندەوار بوو، شۆڕشگێڕ بوون و قوربانیان دا لە پێناو کوردایەتی و چەندین بنەماڵە پاڵپشتی شۆڕش بوون و سەرخەری بزاڤەکانی نەتەوەیی بوون“.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش ”بەهۆی ئەم سووکایەتیکردنە بە چینە جیاوازەکان“، زیانێکی گەورە بەر جەماوەرەکەی کەوتووە و بووەتە هۆی هەڵوەرینی لایەنگرانی.
ئەو سەرکردە باڵایەی گۆڕان، دان بەوەدا دەنێت کە میدیاکانی پارتی دیموکراتیی کوردستان زۆر بە وریایەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەو ناوانەدا کردووە کە کۆمەڵە خەڵکێک شانازییان پێوە کردووە و بە ڕهمزی خۆیان زانیوە. نموونەش بە ناوی (شێخ، ئاغا، کوێخا، بنەماڵە، نەخوێندەوار و هەر نازناوێکی تر) دێنێتەوە و دەڵێت: ”ئەمە بووەتە خاڵی بە هێز بۆ پارتی و توانیویەتی بە زۆرینەیی بمێنێتەوە تا ئێستا“.
عەبدوڵای کوێخا موبارەک دووپاتی کردووەتەوە: ”ناکرێت لە ئاست ئەو بێ سەروبەری و بێ ئەتەکێتییەی کادیرانی میدیای گۆڕان بێ دەنگ بین، چونکە بهم جۆرە لە دەربڕین و جنێودانە سەدان و هەزاران هاووڵاتیی زادەی بنەماڵە و دەیان بنەماڵەی دڵسۆز لە دەست دەدەین“. بە گوتەی ئەو، گۆڕان دژی بنەماڵە و چین و پیرۆزییەکانی خەڵک نییە.
باسنيوز
