شێخ جەعفەر: هەر هەوڵێکی گەڕاندنەوەی سلێمانی بۆ بەغدا لەباربردنی دەستکەوتەکانی کوردستانە
لەبارەی پرۆژەکەی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگای سلێمانیدا بکات، جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی ناوەندی بڕیاری یەکێتی، ڕاگەیاند: “ئەم جۆرە هەوڵانە، نیشانەی لەباربردنی ئەم دەسکەوتانەی هەرێمی کوردستانە و دووبارە ڕادەستکردنەوەی هەرێمی کوردستانە بە حکوومەتی عێراق”.
ڕوونیشی کردەوە: “هیچ کاتێک بەغدا ناچێتە ژێر باری ئەو داواکارییەوە، چونکە ناکرێت دەوڵەتێک بچێتە ژێر باری ئەوەی کە لەسەر حکوومەتێکی دیکە باز بدات و بێت مامەڵە لەگەڵ پارێزگایەک بکات، ئەگەر ئەوەش بکات، خۆ دەبێت دەستەی مامەڵەکار لەگەڵ بەغدا لایەنی حکوومەت بێت”.
شێخ جەعفەر دەڵێت: “خۆ ناکرێت لایەنێکی سیاسی خۆی بکاتە نوێنەری خەڵک، ئێ ئەو مامەڵەش لەگەڵ خەڵک ناکرێت، بۆیە ئەوەی داوا کراوە بۆ لەتکردنی کوردستانە و شەقکردنی ئیدارەی حکوومەتە".
باسنيوز
