ئەدھەم بارزانی: ھەر حزبێک بۆچوونەکەی ئارام شێخ محەممەدی ھەبێت، دەبێ لێرە بار بکات

ئەدھەم بارزانی: ھەر حزبێک بۆچوونەکەی ئارام شێخ محەممەدی ھەبێت، دەبێ لێرە بار بکات


ئومێدەوارم بۆچوونەکەی ئارام شێخ محەممەد تەنیا ھیی خۆی بێت، چونکە ئەم بۆچوونە لەناو جەماوەری کوردستاندا جێی نابێتەوە، ھەر بزاڤ و حزبێکیش ئەم بۆچوونەی ھەبێت، دەبێ لەناو ئەم میللەتە بار بکات".

شێخ ئەدھەم بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و ھەڵەبجە، ڕاگەیاند: "ئومێدەوارم ئەو بۆچوونەی ئارام شێخ محەممەد جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لەناو خۆپێشاندەران باسی لێوە کرد، بۆچوونی نەوشیروان مستەفا و سەرکردەکانی تری گۆڕان نەبێت و خۆیان لەم بۆچوونە بێبەری بکەن و تەنیا بۆچوونی خۆی بێت، چونکە ئەمە بۆچوونێکی زۆر شازە. نابێ ھیچ بزاڤ یان حزبێکی کوردی بۆچوونێکی وا دەرببڕێ، چونکە ئەمە بۆچوونی عەرەبە شۆڤێنییەکان بووە بە درێژایی مێژوو لەو رۆژەوەی خاکمان دابەش کراوە."

ئارام شێخ محەممەد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستەکەی وەرگرتووە، ١٢ـی ئەم مانگە لە پێشوازیێکی ڕێکخراوی پێشوەختەدا لە مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند "ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی داواکاری خۆپیشاندەران بە دەسەڵاتدارانی عێراق بگەیێنین".

ئارام لە گوتارێکدا کە بۆ خۆپیشاندەران پێشکەشی کرد، راشیگەیاند "ئەگەر کێشەی نەوت لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق چارەسەرنەکرا و ھەرێمی کوردستان پابەند نەبوو بەو رێککەوتنە، ئەوا حکومەتی عێراق راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان بکات".

شێخ ئەدھەم بارزانی جەختیشی کردەوە: "ئومێدەوارم ئەمە تەنیا بۆچوونی ئارام شێخ محەممەد بێ ، چونکە ئەم بۆچوونە شوێنی نابێتەوە لەناو جەماوەری کوردستاندا، ھەر بزاڤ و حزبێکیش ئەم بۆچوونەی ھەبێت دەبێ بار بکات لەناو ئەم میللەتە و ئەو دەریایە خوێنە پڕ لە شانازییە ڕاژوەی بۆ ئازادیی ئەم خاکە پیرۆزە ڕژاوە. نامەوێ وشەکانی من تەفسیر بکرێ بە شێوەیەکی تر، بەڵام ئەمە ویستی جەماوەرە و جەماوەر رێگا نادات بۆچوونێکی وا سەقەت کە ھەموو قوربانییەکانی ئەم میللەتە، بە درێژاییی مێژوو ھەر لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شێخ رەزا و شێخ مەحموودی عەفید و شێخ ئەحمەد و شێخ عەبدولسەلام و مەلا مستەفای بارزانی و دەیان شۆڕشی تر بە با بدات و دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشانە بە دەستی خۆی بە دوژمنانی گەلی کورد بدات، بۆیە ئومێدەوارم ئەمە بۆچوونێکی تاکەکەسی بێت."
PAYAMNER-
Top