قوباد تاڵه‌بانی لەگەڵ کونسڵ و نوێنەرانی وڵاتانی جیهان کۆبووەوە

قوباد تاڵه‌بانی لەگەڵ کونسڵ و نوێنەرانی وڵاتانی جیهان کۆبووەوە



ئەمڕۆ دووشەمە 2016/11/14، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە هەولێر بەئامادەبوونی فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی كرد لە کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی جیهان لە هەرێمی كوردستان.

جێگری سەرۆك وەزیران بەوردی تیشكی خستە سەر هەنگاوەكانی چاكسازی حكومەت و بەتایبەت پرۆسەی تۆماركردنی مووچەخۆران لە سیستەمی ئەلیكترۆنی بایۆمەتری.

جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بۆ ئەوە كرد سەرباری هەموو قەیرانەكان حكومەتی هەرێم دەستی كردووە بە جێبەجێكردنی ئەو پلانانەی بۆ چاكسازی و دەربازبوون لە قەیرانەكان دایرشتبوون و ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکرنداین".

ئەوەشی خستەڕوو كاری حكومەتی هەرێمی كوردستان خزمەتكردن و گێرانەوەی مافە بۆ خاوەن مافەكان و دابین كردنی قوت و مووچەی هاوڵاتیانە كە لە ئێستادا ئەمە ئەولەویەتی حكومەتە و هەموو توانایەكمان خستۆتە گەڕ بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە ".

سەبارەت بە تۆماركردنی مووچەخۆران لە سیستەمیکی ئەلیكترۆنی (بایۆمەتری) قوباد تاڵەبانی دووپاتیكردەوە چاكسازی دارایی كۆڵەكەی سەرەكی دەربازبوونە لە قەیرانی دارایی و رێكخستنەوەی سیستەمی ئیداری لە هەرێمی کوردستان. پڕۆسەی تۆماركردنی مووچەخۆران هەنگاوێكی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە" .

هەر لەمیانی باس كردنی لەبارەی گرنگی ئەو پرۆسەیە ئاماژەی بەوەدا كە : ئەم پڕۆسەیە پڕۆژەیەكی ستراتیجی نیشتمانیە و بەجێبەجێ‌ كردنی ئەو سیستەمە ئەلیكترۆنیە دەبینە خاوەن داتایەكی ڕاست و ڕەوا کە لەڕێیەوە دەتوانین میلاكات رێكبخەینەوە وناعەدالەتی و دوو مووچەی نایاسایی بنبر بكەین.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد چاكسازیەكانی حكومەت هەموو سێكتەرەكان دەگرێتەوە تاوەكو سیستەمێكی بەڕێوەبردنی تەندروست و شایستە بەم میللەتە بخەینەگەڕ".

جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە هاوشانی هەموو چاكسازیەكانی تر خەریکی باشترکردنی ئەرکەکانی وەزارەتی دارایین ئەوەشی خستەڕوو لەوەزارەتی دارایی دەستمان كردووە بە داڕشتنەوەی هەیكەلیەتی کاری ئەو وەزارەتە و رێكخستنەوەی سیستمی گومرك و باج و هەموو ئەو سێكتەرانەی پەیوەستن بە داهات و خەرجی حكومەتەوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی باشتر لە رابردوو ئەو وەزارەتە ئەركەكانی خۆی جێبەجێ‌ بكات".

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە كەرتی كارەباش كرد و دووپاتیكردوەوە ساڵانە بڕێكی زۆر پارە و سوتەمەنی لەو كەرتەدا خەرج دەكرێت بێ ئەوەی هیچ هاوسەنگیەك لە نێوان بڕی تێچوو و داهاتی ئەو كەرتە هەبێت". بۆ چاکسازیش لە سێکتەری کارەبادا وتی " لە ئێستادا لەگەڵ تیمێكی بانكی نێودەوڵەتی خەریكی جێبەجێ‌ كردنی پلانێكین بۆ رێكخستن و ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان خەرجی و داهاتی ئەو وەزارەتە و باشكردنیشی لە رووی پێدانی كارەبا بە هاولاتیان".



لای خۆشیەوە، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ستایشی وڵاتانی جیهانی کرد لە هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم و بەگرنگیەوە باسی ڕۆڵی وڵاتان کرد بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان بەتایبەت لە هاوکاری سەربازی لە شەڕی دژ بە داعش و هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێم. هەروەها سوپاسی وڵاتانی جیهان كرد کە هەمیشە پاڵپشتمان بوون بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بەسەر ئاستەنگەکان زاڵ بێت و لە هەموو ناخۆشیەكان دەرباز بێت
PAYAMNER-
Top