وەزیرى پەروەردە: هەڵوێستی جێگری پەرلەمانی عێراق دوورن لە بەها نەتەوەییەکان
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پوختەی ناوەرۆکی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیی وەزیری پەروردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دوو ڕێکخراوی یوونیسێف و یۆنسکۆی کە وەڵامی ڕۆژنامەنووسانیان داوەتەوە، بڵاو کردووەتەوە .
دەقی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکە:
پاش قسەى هەر یەکە لە بەڕێوەبەرى پڕۆاگرام و چاپەمەنییەکان، وەزیرى پەروەردە و هەردوو بەرپرسانى ڕێکخراوى یونیسێف و یونسکۆ، ڕۆژنامەنووسان دەستیان بە پرسیارەکانى خۆیان کرد کە لێرەدا بە شێوەى پرسیار و وەڵام بڵاوى دەکەینەوە:
هەر یەکە لە (لویس هاکساوس ـ louise haxthause)ـى به‌ڕێوه‌به‌رى ڕێكخراوى يونسكۆ له عێراق و هه‌رێمى كوردستان و (ئیکیم چیجین ـ Ikem Chiejine)ى به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى په‌روه‌رده‌یی له ڕێكخراوى يونیسێف قسەیان کرد
ـ هەڵوێستى وەزارەتى پەروەردە لەسەر خۆپێشاندانەکان چییە لەو سنوورەکانى سلێمانى و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین؟
وەزیرى پەروەردە: هەرچەندە ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ بابەتێکى جددى و گرنگ، بەڵام ئێمە زۆرمان لەم بارەوە قسە کردووە و دەمانەوێت ئەوڕۆ قسە لەسەر تەکنەلۆژیا و گۆڕانکارییەکانى نێو پڕۆگرامەکان بکەین کە بە هاوکارى ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکاریمان کراوە و بەرەوپێشبردنێکى گەورەمان بە خۆمانەوە بینیوە. سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانیش هەڵوێستمان وەک هەڵوێستى هەفتەى پێشووە کە پێمان وایە مامۆستایان لە حاڵ و گوزەرانێکى سەختدان، بەڵام بایکۆت چارەسەر نییە، چونکە ئەگەر بەم شێوەیە ئەم حاڵە درێژەى هەبێت و بایکۆتەکە بگاتە دوو مانگ، بە هیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێتەوە و هیچ چارەسەرێکى نییە. بە خۆشحاڵییەوە دوێنێ خوێندن لە چەندین قوتابخانە دەستى پێ کردەوە و زۆر قوتابخانە کتێبیان دابەش کرد کە ئەمە بە بڕیارێکى گرنگ و مێژوو هەژمار دەکەین لەم قۆناغە هەستیارەى کوردستان کە هێزى پێشمەرگە لەگەڵ داعشدا لە شەڕێکى گەورەدایە.
ـ بۆچى بەڕێوەبەرایەتى کتێبخانەکان داخراوە؟
وەزیرى پەرەردە: ئەمە بابه‌تێكى ناوخۆيیه و به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تییەکە پێداچوونه‌وه‌ى له‌سه‌ر كراوه و وه‌زاره‌ت ليژه‌نه‌يه‌كى پێکهێناوە لەسەر هەيكه‌ل و پڕۆگرامه‌كان و ئەوان له‌م چوارچێوه‌يه‌دا پێشنیارى بڕیارى دروست دەکەن.
ـ زياتر له چل ڕۆژە بەسەر نەخوێندن لە سنوورەکانى کە بایکۆتیان تێدایە تێدەپەڕێت، ئايا چۆن بۆیان هه‌ژمار ده‌کرێت؟
بەڕێوەبەرى یونیسێف لە عێراق: ئێمه به‌رنامه‌يه‌كى هاوكارى باشمان هه‌يه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێم و به‌رده‌وام پاڵپشتى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كه‌ين له‌و پێداويستييانه‌ى بۆمان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه و ئێمه كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ين و خزمه‌تى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده ده‌كه‌ين به‌پێ ئه‌و تایبەتمەندییانەى کە هەمانن و بۆمان ده‌نێرن، بەڵام سەبارەت بە هەژمارکردنى دەوام یان نا، ئێمە پێمان ناخۆشە دۆخەکە بگاتە ئەو ڕادەیەى کە قەرەبوو نەکرێتەوە، بەڵام بەگشتى ئەمە پرسێکى تایبەت بە وەزارەتى پەروەردە و ئەوان بڕیارى لەسەر دەدەن.
ـ کە دوێنى ده‌ست كراوه به خوێندن له سنوورى پاريزگاى سليمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى گه‌رميان و ڕاپەڕین، ئاماده‌كارى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده له دابينكردنى په‌رتوك و سووته‌مه‌نى چۆنە؟
وه‌زيرى پەروەردە: بيگومان زۆربه‌ى پيداوييستيه‌كان دابين كراوه له دابينكردنى په‌رتوكه‌كانى خوێندن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى هه‌ندێك قوتابخانه و هەندێکى تریش وا لەژێر نۆژەنکردنەوەڤدان، هەروەها ڕه‌حله و ته‌خته له وەرزى هاويندا ئيشى له‌سه‌ر كراوه. سەبارەت بە سووته‌مه‌نى ئێمە لە هى ساڵى ڕابردوو هەندێکمان بۆ ماوەتەوە کە تا نیوەى ساڵ بەش دەکات و دواتریش ناهێڵین کێشە ڕوو بدات.
ـ دوێنێى ئارامى شێخ محەمەد جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق گوتى ئەگەر حکوومەت نەتوانێت هیچ بکات ئەوا ڕاستەوخۆ پارێزگاکان دەتوانن کار لەسەر حکومەتى ناوەندى بکەن، ئەمە چۆن ڕاڤە دەکەن؟
وەزیرى پەروەردە: هەر دەستێوەردانێک پێچەوانەى دەستوورى عێراقە، چونکە هەرێم هەرێمێکى فیدراڵییە و لەڕووى دارایی و یاسایی و سیاسییەوە سەربەخۆیە و هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى فیدراڵیەتدا کارەکانى خۆى دەکات ئەم قسەیەى جێگرى پەرلەمانى عێراق زۆر نامۆیە بە خەبات و خوێنى شەهیدانى ئێمە و خۆ کاک ئارام باش دەیزانى کە ئەوکاتى کێ پابەند نەبوو بە بەڵێن و ڕێککەوتنەکانەوە، ئەوە حکوومەتى ناوەندى بوو کە پابەند نەبوو. دەبوو جێگرى سەرۆکى پەرلەمان لە پاش هاتنى هەوڵى دابایە بۆ پشتیگیرى قووتى خەڵکى و کارى لەسەر کردبایە و ئەوەى دوێنێ جێگیرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق کردى، دوورە لە هەموو بەها نیشتمانى و نەتەوەییەکان."
ـ بەرپرسیاریەتى یاسایی لەسەر کێیە کە قوتابخانە ناکرێتەوە؟
وەزیرى پەروەردە: لەسەر ئەو کەسانەیە کە ڕێگرن لەوەى مامۆستاکان بچنەوە بۆ قوتابخانەکان، بەرپرسیارەتى ئایینى و ئەخلاقى و مێژووییان دەکەوێتە ئەستۆ.
ـ ئايا پرۆگرامه‌كان ده‌گۆردريت ياخود نا؟
وەزیرى پەروەردە: هه‌ركاتێك پڕۆگرام بگۆڕدرێت ئێمە ڕاى دەگەیەنین و هیچ کات پڕۆگرام به ساڵيك ناگۆرديت و چەند ساڵێکى دەوێت. لەم چەند ساڵەى ڕابردوو تەنیا عەرەبی گۆڕدراوە و هەر گۆڕانکارییەکى دیکە بکرێت چەندین ساڵ دەخایەنێت.
ـ ئايا قه‌يرانى دارايى تێپه‌رده‌بێت ياخود نا؟
وه‌زيرى پەروەردە: به‌ڵێ به دڵنيايه‌وه ئه‌م قه‌يرانه تێپه‌ر ده‌بێت
باس‌نیوز
