رۆژنامەنووسێکی داعش نهێنییەکانی رێکخراوەکەی ئاشکرا دەکات و دەڵێ داعش شکستەکانی لەسەر دەستی پێشمەرگە لە بەغدا قەرەبوو دەکاتەوە

 رۆژنامەنووسێکی داعش نهێنییەکانی رێکخراوەکەی ئاشکرا دەکات و دەڵێ داعش شکستەکانی لەسەر دەستی پێشمەرگە لە بەغدا قەرەبوو دەکاتەوە
رۆژنامەنووسێکی دەستگیرکراوی رێکخراوی توندڕەوی داعش نهێنییەکانی بەشی راگەیاندن و پڕوپاگەندەی رێکخراوەکەی ئاشکرا دەکات.



ئەبو ساڵح، رۆژنامەنووسێکی دەزگای (ئەعماق)ی داعشە، لەلایەن هێزە عێراقییەکان دەستگیر کراوە و رۆژی یەکشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2016، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دانپێدانانەکانی بڵاو کردووەتەوە.



هەروەک ئەبو ساڵح ئاشکرای کردووە، لایەنگرانی داعش بە نهێنیی وێنەی ڤیدیۆییان لە شاری بەغدا گرتووە و بۆ رێکخراوەکەیان ناردووە، بە مەبەستی نیشاندانی ئەوەی چەکدارانیان لە شاری بەغدان.



ئەبو ساڵح هەروەها رایگەیاندووە، کە هەر پەیامنێرێکی داعش لە میحوەرەکانی شەڕەوە دەتوانێ لەگەڵ دوو یان سێ کەس قسە بکات و زانیاریی و وێنەکانی لێ وەربگرێت و بۆ بەرپرسی سنوورەکەی خۆی بنێرێت.



ئەو رۆژنامەنووسەی داعش باسی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی لە ئەعماق کردووە و رایگەیاندووە، هەموو وێنە و هەواڵێک بە چەندین فلتەری هونەری، شەرعیی و زمانەوانیدا دەڕۆیشت.



ئەبو ساڵح، کە سەرەتا مووچەیەکی 400 دۆلاریی مانگانەی وەردەگرت و دواتر بەهۆی وێرانبوونی سەرچاوە ئابوورییەکانی داعش مووچەکەی بۆ 220 دۆلاری مانگانە کەم کرابووەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە داعش بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی لە بەرەی شەڕی مووسڵ لەسەر دەستی هێزـەکانی پێشمەرگەی کوردستان و هێزە عێراقییەکان، لە راگەیەندراوەکانیدا زۆر گرنگیی هێرشی چەکدارانی لە بەغدا و ناوچەکانی دیکە دەدا.







باسنیوز
Top