ئەنجومەنی وەزیران پلانی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی تاوتوێ دەكات

ئەنجومەنی وەزیران پلانی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی تاوتوێ دەكات

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 8-11-2016 بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازكرد.

سەرەتای كۆبوونەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشڕەوی و سەركەوتنە بەردەوامەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەهاوكاریی وڵاتانی هاوپەیمان بۆ لەناوبردنی تیرۆرستانی داعش لە مووسڵ و دەورووبەری بەرز نرخاند و سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدان كرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست.

دواتر لە بڕگەی یەكەمی كارنامەی كۆبوونەوەدا، كەریم شەنگالی وەزیری كاروباری پێشمەرگە بە وەكالەت ڕاپۆرتێكی دەربارەی ڕەوشی گشتیی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی بەرەكانی جەنگ و سەركەوتنە بەردەوامەكانی پێشمەرگە لە بەرامبەر تیرۆرستانی داعش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی مووسڵدا و هاتنی ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارە بۆ هەرێمی كوردستان، خستەڕوو. ئاماژەی بەوەش دا كە لە سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی مووسڵەوە تا ئێستا، 56 هەزار ئاوارە ڕوویان لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان كردووە و ژمارەكەش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا ڕابەر سەدیق بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت، ڕاپۆرتێكی لەسەر بارودۆخی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد و تیایدا داهات و خەرجییە گشتییەكان و پلان و ئامادەكارییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستانی بۆ دابینكردنی مووچە و خەرجییە گشتییەكان خستەڕوو.

دواتر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ژمارە و زانیاری پێویست، ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و داهاتی نەوت، پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كرد و ناڕاستیی زانیاری و ژمارەكانی ڕاپۆرتەكانی كەناڵی NTR خستەڕوو لەسەر بنەمای زانیاریی بەرهەمهێنانی نەوت كە لەلایەن كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوتەوە لە هەرێمی كوردستان خراونەتە ڕوو، لە كاتێكدا كەناڵی ناوبراو ئاماژەی بە سەرچاوی بیانی نادیار كردبوو، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی كوردستان ڕاسپارد كە بە ڕاپۆرتی خۆیان ڕاستی و دروستیی ڕێژەی بەرهەمهێنان و هەناردەكرنی نەوت لە هەرێمی كوردستان بخەنە ڕوو بۆ ئەوەی چیتر ئەم بابەتە بۆ چەواشەكاری و بەڵاڕێدابردنی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەكارنەهێنرێت. ئاماژەش بەوە درا كە دامەزراوە وردبینی و قەزاییەكانی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی یەكلاییكەرەوە لەم بوارەدا ببینن.

لە بڕگەی دووەمی كارنامەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، عەبدولسەتار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان ڕاپۆرتێكی دەربارەی كەرتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پێشكەش كرد و تیایدا داتا و زانیاری لەبارەی بەرهەمی چاندن و پەلەوەرەوە خستەڕوو. ئاماژی بەوەدا كە لەچاو ساڵانی ڕابردوو بەرهەمە كشتوكاڵی و پەلەوەرییەكان لە هەرێمی كوردستان بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە كە زیاد لە پێداویستی ناوخۆی هەرێمە. پێشنیازیشی كرد بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمە زیادەكان، برەو بە پیشەزای كشتوكاڵی بدرێت لەڕێگەی دامەزراندنی كارگەی لەقوتونان و ساردكەرەوەوە، هەروەها بۆ بنەبڕكردنی ئەو نەخۆشیانەی ڕووبەڕووی بەرهەمی چاندن و پەلەوەرەكان دەبنەوە، دەرمانی پێویست دابین بكرێت.

دەربارەی سامانی ئاو، یان ئاماژەی بەوە دا كە تا ئێستا چەند پڕۆژەیەكی ستراتیژیی ئاو لەبارەی پاراستنی سامانی ئاو لە هەرێمی كوردستاندا جێبەجێكران و هەندێكیشیان لەژێر جێبەجێكردن دان، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەندێكیان لەكار وەستاون. یان هەروەها باسی لە چارەسەركردنی زەویە كشتوكاڵیەكان لە هەرێمی كوردستان كرد بە تایبەتیش كێشەی تەسویە و تەملیكی زەوییەكان.

لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هەوڵ و تەقەلاكانی وەزیر و ستافی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەی ئاو بۆ زیادكردنی بەرهەمە كشتوكاڵی و پەلەوەرییەكان بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوە دا كە گرنگیی بەرهەمی كشتوكاڵ و پەلەوەری لە هەرێمی كوردستان لە بەرهەمی نەوت كەمتر نییە و دەبێت كشتوكاڵ ببێتە سەرچاوەی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان و لە ڕێگەی پشتگیریی پێشكەوتنی سێكتەری كشتوكاڵ، كەرتی كشتوكاڵ ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی دارایی لە هەرێمی كوردستاندا. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاڕی دا كە پێشنیار و پلانەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە بۆردی باڵای كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا، لێكۆڵینەوەی پێویستی بۆ بكرێت و بڕیاریان لەبارەوە بدرێت.
Payamner-
Top