ئاڵمانیا دژبەرانی ئەردۆغان وەک پەنابەری سیاسی وەردەگرێت
دوای ئەوەی حکومەتی تورکیا ژمارەیەکی زۆری رۆژنامەنووسان و رەخنەگەران و سیاسەتمەدارانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتەی دەستگیر کرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: ئەو هاووڵاتیانەی تورکیا وەک پەنابەر وەردەگرێت کە بۆ هۆی ئەنجامدانی کاری سیاسی لە وڵاتەکەیاندا لە مەترسی دان.
بەرپرسی پێوندییەکانی ئەوروپایی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، میشائیل رووت، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی دەی ڤۆڵت، کە رۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە، رەخنەی لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی تورکیا گرت.
رووت ئاماژەی بە مافی پەنابەری بۆ کەسانی سیاسی لە یاسای وڵاتەکەیدا کرد و رایگەیاند: هەموو رەخنەگرانی تورک دەتوانن داوای پەنابەری لە ئەڵمانیا بکەن.
میشائیل رووت، گوتی: ئەوەی ئێستا لە تورکیا روودەدات، بەبۆچوونی ئێمە لەگەڵ بایەخە مەعنوییەکانی ئەوروپا و پابەندبوون بە یاسا و دیموکراستی و ئازادیی راگەیاندندا یەک ناگرێتەوە.
ئەم بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، هەروەها داوای لە رەجەب تەییب ئەردۆغان کرد واز لە سیاسەتی راونان و سەرکوت بهێنێت.
Payamner-
