باشیک.. پێشمەرگە ژمارەیەک چەکداری داعشی لە خانووێکدا کوشت
رۆژی دووشەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2016، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان شارەدێی باشیکیان لە پارێزگای نەینەوا بە تەواوی رزگار کردەوە.
پەیجی فەرمیی دژەتیرۆری کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، کە رۆژی سێشەممە 8ـی تشرینی دووەم پێشمەرگە شارەدێکەی بە تەواوی لە بۆمب و چەکدارەکانی داعش پاککردووەتەوە.
هەروەک دژەتیرۆری کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، 10 چەکداری داعش خۆیان لە خانووێکی باشیک حەشار دابوو و لە میانەی پاککردنەوەی شارەدێکەشدا لەلایەن پێشمەرگەوە، نۆ چەکداریان کوژران و چەکدارێکیش بە دیل گیرا.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.
باسنيوز
