وەزارەتی ئەوقاف: چیتر ڕێگە بەهیچ مەلایەک ناده ين کاری سیاسی لە مزگەوتەکاندا بکات

وەزارەتی ئەوقاف: چیتر ڕێگە بەهیچ مەلایەک ناده ين کاری سیاسی لە مزگەوتەکاندا بکات
بەرپرسێکی وەزارەتی ئەوقاف، باس لەوە دەکات کە دوای کۆنفرانسی یەکخستنی وتاری ئایینی لە کوردستان، ڕاسپاردەکانی دەبێتە بڕیار و کاری جددیشی لەسەر دەکرێت.

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و پێکەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ڕایگەیاند: "پەیامی ڕاستەوخۆی حکوومەت ئەوەیە کە نابێت کاری سیاسی لە مزگەوتەکان بکرێت، ئەگەر پێشووتر سوود لە ناکۆکیی سیاسی حزبەکان و گرفتەکانی حکوومەت وەرگیرا بێت و ئیجرائات نەکرابێت، لەمەودوا چاوپۆشی ناکرێت، چونکە دەرکەوت گرفتی کوردستانیان قوڵتر کردووەتەوە".

ئەو بەڕێوەبەڕەی وەزارەتی ئەوقاف، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "لەم کۆنفرانسەدا، زۆر بەجددی جەختمان لەسەر کردوەتەوە کە دەبێت مینبەری مزگەوتەکان لە سیاسەت دوور بێت، چاوەڕوانیش دەکرێت خاڵەکانی کۆنفرانس ببنە بڕیار، چونکە دەسەڵاتی بڕیاریان ھەیە، لەبەرئەوەی سەرۆکی حکوومەت، جێگرەکەی و ئەنجومەنی دادوەری لێرەن، وەزارەتی ئەوقافیش زۆر بەجدی کار لەسەر ئەو ڕاسپاردانە دەکات کە لەم کۆنفرانسە دەردەچێت، بەسەر سەرجەم مزگەوتەکانی کوردستان گشتگیر دەکرێت".
نەقشبەندی، ئەوەشی خستەڕوو: "دوای کۆنفرانسەکە ڕێنماییەکان لە وەقایعی کوردستان بڵاودەبێتەوە، دەکرێتە بڕیار و بەسەر مزگەوتەکان دابەش دەکرێت، ڕێگا بە ھیچ پێشێلکارییەک نادرێت و ئەم بڕیارە بۆ سەرجەم پارێزگاکانە و لایەنە پەیوەندیەدارەکانیش ئامادەییان دەربڕیوە".

گوتیشی: "مامۆستایانی ئایینی ھەندێکیان ئینتمای سیاسییان ھەیە و ھەندێکیان سەرکردایەتی حزبەکانن، بۆیە دەبێت لەسەرجەم پێوەرەکان پابەندی ڕێنماییەکانی مزگەوت بن، ئیجارائاتی توند بەرانبەر بە ھەر مامۆستایەک دەکرێت کاری سیاسی لە مەزگەوتەکان بکات"











باسنیوز
Top