ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: عەلی باپیر بە بارزانی گوت باسی سەربەخۆیی مەکەن

 ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: عەلی باپیر بە بارزانی گوت باسی سەربەخۆیی مەکەن
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ھێما بۆ ئەوە دەکات کە بارزانی دەیەوێت کۆبوونەوەی ھێز و لایەنە سیاسییەکان بکرێت، چونکە دوای داعش ھاوسەنگیی ناوچەکە دەگۆڕێت. ئەوەش ئاشکرا دەکات کە عەلی باپیر بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوتووە، ”باسی سەربەخۆیی کوردستان مەکەن“.

ئەمڕۆ سێشەممە 8\11\2016، نەجات حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: "کاتێک کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چوو، پێش سەردانەکەی، لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکان دانیشتن، لە کاتی گەڕانەوەشی دووبارە لەگەڵ لایەنەکان کۆبوونەوەی ئەنجام دا، لە کۆبوونەوەکە گۆڕان و کۆمەڵیش ئامادەبوون، لەوێ باسی ئەوە کرا کە سەربەخۆیی کوردستان بکرێتە ئەولەویەت، بەڵام عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، بە بارزانی گوت، باسی سەربەخۆی مەکەن و زووە و کاتی نەھاتووە".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی ئەوەشی خستەڕوو: "کاتێک بارزانی، چووە بەغدا، ھەندێک حزبی لەگەڵ خۆیدا برد، بەڵام دواتر ھەردوو لەلایەن (گۆڕان و کۆمەڵ)ەوە پەلاماری سەردانەکە و ئامانجی سەردانەکەیان دا، لە کاتێکدا ئەو خۆی گوتی، دەبێت ئێمە بچینەوە بۆ بەغدا و ئەوێ مەرجەعیەتمان بێ، دواتریش ھاتن و تانەیان لە سەردانی بەغدا گرت".

نەجات حەسەن، لە لێدوانەکەیدا ئەوەشی خستە ڕوو: "دوای ئەوەی فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەردانی حزبەکانی کرد، سەردانی کۆمەڵ و گۆڕانیشی کرد، بەڵام سوودی نەبوو، بۆیە دەبێت ئەوان بزانن تا ئەم مێژووە مابێت، ئەو دوو حزبە ناتوانن پارتی بسڕنەوە“.

ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی، لەبارەی هەڵوێستی لایەنەکان لەدژی قسەکانی ڕاوێژکارەکەی خامنەیی، داوا لە گۆڕان و کۆمەڵ دەکات: ”با بە بەیاننامەیەک، وەڵامی ئەو ھەڕەشانە بدەنەوە، ئەگەر ئەوەندە دڵسۆزی کوردستانن".

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیەوێت کۆبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکان بکرێت، چونکە ”دوای داعش، هاوسەنگیی ناوچەکە دەگۆڕێت و دەبێت بە شێوەیەکی دیکە بچینە مەیدان و خۆمانی بۆ ئامادە بکەین“.













باسنیوز
Top