بارزانی و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبوونەوە
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ، ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی 11ـی 2016 لە سەڵاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە فاڵح فەیاز، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لەو دیدارەدا قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ و پێشڕەوی و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای عێراق لە میحوەرەكانی باكوور و ڕۆژهەڵات و باشووری مووسڵ خراوەتە بەر باس و گفتوگۆ و جەختیش لەسەر هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق و پابەندبوونیان بە پیادەكردنی قۆناغەكانی پلانەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ کراوەتەوە.
هاوکات باسیش لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرۆسەی سیاسیی عێراق و بارودۆخی ناوچەکە کراوە.
باسنیوز
